ئەنقەرە
بهمهبهستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ سەركردەی زیندانیكراوی رێكخراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عهبدوڵا ئۆجالان، دوێنێ شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان سەردانی زیندانی دوورگەی ئیمرالیی لە دەریای مەڕمەڕەی توركیا کرد و دوای گەڕانەوە لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا باسی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجالان کرد.
لەو لێدوانەدا شاندی ھەدەپە ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجالان سێ سهعاتی خایاندووە و تەندروستی ئۆجالان باش بووە و ورەی بەرزە و ههروهها ئامادەکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ قۆناغی چارەسەری بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی لەقەڵەم داوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانەدا جەخت لەوە کراویهوه کە ئۆجالان لە بارەی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا گوتوویەتی: "ئەو گۆڕانکارییە یاساییە نیشانەی ئەوەیە کە یەکەم جارە دەوڵەت گەیشتووتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانێ بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکانی لەگەڵ ئەو چینە کۆمەڵایەتییانەدا کە شەڕی لەگەڵ دەکا، چارەسەر بکا و ئەو چوارچێوە یاساییە رێگەی دانوستانی ئاشتییانە خۆش دەکا و دەوڵەت بەو جۆرە رۆلێکی مێژووی گرتووەتە ئەستۆ، پێویستە ھەموو چین و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە پشتگیری لەو چوارچێوە یاساییە بکەن کە دەکرێتە پڕۆژە یاسا و حکومەتیش پێویستە پشتگیری چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێ."
ئۆجالان ههروهها گوتوویهتی: "لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایەدا دەتوانرێ دیموکراسیەتی تورکیا بەرفراوانتر بکرێ و ئاشتیش بۆ ھەمیشە بەرقەرار بکرێ و کاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی پێکەوە ئەنجام بدرێ و دواجار گەیشتن بە چارەسەرییەکی دیموکراتی و دەستووری بۆ داھاتووی ئازادی و دیموکراتیی تورکیا، زۆر گرنگە."
ئۆجالان لە بارەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیاوە گوتوویهتی: "لە نزیکەوە ئاگاداری ھەوڵدان و ئامادەکارییەکانم و دەستنیشانکردنی پاڵێوراوێک کە نوێنەرایەتی ھەموو چینەکانی کۆمەڵگە بکا، بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام ئەو بابەتە لە لایەن کۆمەڵگەوە بە ھەڵە وهرگیراوە و من ئەو دەسەڵاتەم نییە بۆ كاندیدكردنی کەسێک گوشار بخەمە سەر لایەنی پەیوەندیدار."