جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەھەپە ئۆکتای ڤوڕاڵ لەبارەی پرۆسەی چارەسەرەوە گوتی: دەیانەوێ بە زۆر پرۆسەکە قبوڵ بکەین، ئەو نەخشەیە لەلایەن ئیمراڵیەوە ئامادە کراوە، لەنێو ئەو نەخشەرێگایە فێدراسیۆنێک ھەیە.
ڤوڕاڵ گوتى: ئەوانە بەردەوام دەڵین "یەک نەتەوە یەک نیشتمان یەک زمان یەک ئاڵا"، بەڵام دەیانەوێ وڵات پارچەپارچە بکەن، ھەوڵی پارچەکردنی دەسەڵات دەدەن، ئەوانە ئێمە و ئێوە بەرەو وڵاتێکی بێ ناو دەبەن، ھەوڵ دەدەن ئێمە قبوڵی ئەو نەخشەرێگایە بکەین، کەلە لایەن ئیمراڵیەوە ساز کراوە. لەنێو ئەو نەخشەرێگایە فێدراسیۆنێک ھەیە.
ڤوڕاڵ بەم شێوەیە بەردەوام بوو:
پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، پەکەکە و کەجەکە لە ناوچەکانی باشوری رۆژھەڵات باج کۆدەکەنەوە، دادگایان دامەزراندووە، ھێزی چەکداریان ھەیە، رێگا دەپشکنن، دەڵێن ئێمە ئەوە ناڵێینەوە، پەرلەمانتارانی ئاکپارتی دەیڵێنەوە، ئەوانە دەڵێن چۆن دەتوانین وەک یەک نیشتمان بمێنینەوە، بارزانی دەڵێ کوردستان دادەمەزرێنین، پێشمەرگەی بارزانی داوای ماف لە خاکی من داوا دەکا، ئایا وەک گەل پرسیار لەوە ناکەین؟ تا خاڵی پارچەبوون ھەنگاو دەنێن، دواتریش دەڵێن "یەک نەتەوە یەک نیشتمان یەک زمان یەک ئاڵا"ك ئێوە گەل فریو دەدەن. ئەوە نابێ.