Abidin Yel
04 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2023
شرنەخ – AA
جێگری وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، ئەحمەد میسباح دەمیرجان بەشداری لە کردنەوەی مزگەوتی گەورەی مێژوویی و "مەدرەسەیا سۆر" کرد لە شارۆچکەی جزیر سەربە پارێزگای شرنەخ کە نۆژەن کراونەتەوە.
ئەحمەد میسباح دەمیرجان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ جزیر لەلایەن پارێزگاری شرنەخ، عوسمان بیلگین و قایمقایم و بریکاری سەرۆکی شارەوانی جزیر، نازڵی دەمیرەوە زانیاری پێ درا لەبارەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە و لەگەڵ هاووڵاتییانیشدا دوا لە حەوشەی مزگەوتەکە.
دواتر دەمیرجان لە میانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتەکە بە رووی خواپەرستیدا، بە پێویستی زانی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی بوونەتە ناسنامەی شار و شارۆچکەکان بە زیندوویی بهێڵدرێنەوە و گوتی: "ئەم شوێنەوارە مێژووییانە بە هونەری تەلارسازیی تایبەتییانەوە گوزارشت لە شار و شارۆچکەکان دەکەن و پێیان دەناسرێنەوە. لەگەڵ ئەو مزگەوتەدا قوتابخانە ئایینیەکەی ناویشی نۆژەن کراوەتەوە".
پارێزگاری شرنەخ، عوسمان بیلگین سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە باس لە جزیر دەکرێت یەکسەر زانست، شارستانییەت و هونەر بە مێشکی مرۆڤدا دێت و گوتی: "جزیرە بەو مەشخەڵەی لە رابردووەوە هەڵی گرتووە بەردەوام دەبێت لە بوونی بە ناوەندێکی زانستی و عیرفانی".
دوای ئەنجامدانی نوێژ لەلایەن دەمیرجان و یاوەرانی لە مزگەوتەکەدا، بەشدارییان کرد لە کردنەوەی "مەدرەسەیا سۆر" کە بیرمەندی ئیسلامیی بەناوبانگ مەلا ئەحمەد جزیری کاتی خۆی وانەی تیادا گوتووەتەوە و وەک یەکێک بووە لە زانکۆکانی ئەو سەردەمە و ماوەیەک لەگەڵ قوتابییەکاندا دوا.