Mustafa Güngör
16 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2023
هاتای - AA
بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەوا و دواتر بوومەلەرزەکانەوە ماسیگران لە قەزای ئیسکەندەرون سەربە پارێزگای هاتای، بە تامەزرۆوە بەلەمەکانیان ئامادە دەکەن بۆ راوکردنی ماسی.
ماسیگرانی ناوچەکە بەهۆی ئەو کارەساتەی کە رووی دا تامەزرۆی گەشتکردنن بەناو دەریادا.
لە کاتێکدا دوای بوومەلەرزەکان کارەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە کەنار دەریا بەردەوام بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ماسیگران دەستیان بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ئەوەی بە بەلەمەکانیان بچنە نێو دەریاوە و دەست بە راوکردنی ماسی بکەن.
ماسیگران دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی راوکردنی ماسی لە ١٥ی نیسان سەرقاڵی ئامادەکردنی بەلەمەکانیانن بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانیان بکەنەوە.
- "ئیدی ناچارین بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی"
مەهمەت گوموش کە یەکێک لە ماسیگرەکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە ماڵەکەی خۆیدا بووە کە بوومەلەرزەکە رووی دا و وێرانکارییەکی گەورە لە گەڕەکەکەیاندا هەیە.
مەهمەت گوموش رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هیچ زیانێک بە خانوو و خێزانەکەی نەگەیشتووە، بەڵام زۆرێک لە خزم و کەسەکانی لەدەستداوە.
گوموش روونی کردەوە کە وەک خولیایەک کاری ماسیگری دەکات و گوتی: "ئەمڕۆ بەلەمەکەم ئامادە کرد، ٦٠ رۆژ بوو لە کەنار دەریادا بوو، زیانی زۆری پێگەیشت. ئیدی ناچارین بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی خۆمان".
مەهمەت گوموش رایگەیاند، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا دەست بە ماسیگرتن دەکەنەوە.
ڤۆڵکان مستەفا سۆنمەز ئاماژەی بەوە دا کە بەرلە "کارەساتی سەدە"، بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەوا نەیانتوانیوە بۆ ماوەیەک بە بەلەمەکانیان بچنە نێو دەریاوە و روونی کردەوە کە دەستیان بە ئامادەکردنی بەلەمەکانیان کردووە و لەگەڵ تیمێکی ١٠ کەسی دەچنە راوەماسی.