Cihan Okur,Bilal Kahyaoğlu
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
هاتای - AA
لە هاتای کە کارەکانی رووخاندنی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن مەترسێجا لە داروپەردووی باڵەخانەکان لە بارهەڵگرەکان بار کراون و براونەتە شوێنی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان.
تیمەکان بەردەوامن لە رووخاندنی ئەو باڵەخانانەی لە قەزاکانی ئانتاکیا، دەفنە، سامانداغ، پایاس، ئاڵتنئۆزو، ئیسکەندەرون، کرکخان و رەیهانلی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
باڵەخانەکان کە چواردەوریان بە شریت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراون، بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و بە ئامێری بیناسازیی دەڕوخێنرێن.
داروپەردووی باڵەخانەکان لە بارهەڵگرەکان دەکرێن و دەبرێنە شوێنی کۆکردنەوەی پاشماوەکان.
- "پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە لەبەرچاو دەگیرێت"
پارێزگاری هاتای، مستەفا ماساتلی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، هەوڵی چڕ دەدرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شار و گوندانەی کە بەهۆی کارەساتەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
مستەفا ماساتلی روونیکردەوە کە پرۆسەی رووخاندن و لابردنی داروپەردووی بینا زیانلێکەوتووەکانی قەزاکانی ئانتاکیا و دەفنە بەردەوامە، گوتیشی: "لەکاتی رووخاندنی ئەو باڵەخانانەی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و لابردنی داروپەردووەکانیان، پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە لەبەرچاو دەگیرێت. تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن مەترسێجا لە داروپەردووی باڵەخانەکان لە سەرتاسەری هاتای براونەتە شوێنی کۆکردنەوەی پاشماوەکان. لە هەمان کاتدا کارەکانی بنیاتنانەوەی ژێرخانەکانی ناوچە کارەساتبارەکان، دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و بینای گشتیی لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی پێ کردووە".
مەساتلی هەروەها رایگەیاند کە بەزووترین کات کارەکانی رووخاندنی ئەو باڵەخانانەی کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و لابردنی پاشماوەکانیان تەواو دەبێت و گوتی: "لە یەکەم ساتەوەختی کارەساتەکەوە هەموو دامودەزگاکانمان بە سەرکردایەتیی سەرۆکۆمارمان (رەجەب تەیب ئەردۆغان) یارمەتیی ناوچە کارەساتبارەکانیان داوە. دەوڵەتەکەمان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ساڕێژکردنی خێرای برینەکانی بوومەلەرزەکە".