Rewa Mahmut Hasan
28 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2017
ئیزمیر - AA
لە ئاکامی نقوومبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیر کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، و بەنیازبوون بەرەو دوورگەکانی یۆنان کۆچ بکەن، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا کە پێنجیان منداڵن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانەوە دەستکەوتوون، دوای ئەوەی لە کاتژمێر ٢١:٠٠دا هەواڵی ئەوە دەگاتە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان کە بەلەمێکی کۆچبەران نقوومبووە، سێ بەلەم و هێلیکۆپتەرێکی فەرماندەییەکە ئاراستەی شوێنی رووداوەکە دەکرێت.
لە ئەنجامی هەوڵی تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانیش، حەوت تەرم دۆزرانەوە کە دوو ژن و پێنج منداڵ بوون. هاوکات ٩ کەسی دیکە رزگارکران کە چواریان بە رەگەز عێراقی، سێیان سۆماڵی و دوویان سووری بوون، دوای ئەمەش سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی چەشمە کران.
بەگوتەی کۆچبەرەکان، ١٧ کەس کە بەنیازبوون بەرەو دوورگەکانی یۆنان کۆج بکەن، لەگەڵ هاووڵاتییەکی تورکدا کە رێکخەری کارەکە بووە لە بەلەمەکەدا بوون، کاتێکیش بەلەمەکە بەرەبەرە نقووم بووە، هاووڵاتییە تورکەکە، بە بەمەلە هەڵاتووە.
هاوکات هەوڵەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو دوو کۆچبەرەی کە دیارنیین و کارەکان بۆ دەستگیکردنی رێکخەرە تورکەکە درێژەی هەیە.