تونجەلی
بەڕێوەبەری خزمەتگوزار وەرزش و لاوان لە دێرسم شەفیك كارا لە لێدوانێکی بۆ AA، دەڵێ باشترین شوێن بۆ یاری خزین لەسەر بەفر لە دێرسم، شارۆچکەی ئۆڤاجکە.
كایا گوتی: "لە ئۆڤاجک شوێنێکی بچووکی ئەو یاریە ھەیە و ھەروەھا لە مانگی تەمموز لە ئۆڤاجک لەسەر رووبەری ٣١٦ دۆنم دەستکراوە بە دروستکردنی شوێنی خزین لەسەر بەفر."
كایا لە بارەی ئەو ناوەندە گوتی: "باڵەخانەی ناوەندی خزین لەسەر بەفر لە ٥ نھۆم و ٣٤ ژوور و ٧٥ شوێنی خەوتن پێکھاتووە و ھەروەھا چێشتخانە و شوێنی پشوودانیشی تیادایە. جگە لەوە ئەو شوێنە ١١٢٣ م چوارگۆشەی داخراو لەخۆ دەگرێت، تیایدا ئەسانسۆرێک بەبەرزی ١٢٠٠ مەتر دروست دەکرێت، تێچووی ئەو ناوەندە ٢ ملیۆن و ١٢٣ ھەزار دۆلارە."
كایا پێی وایە دروستکردنی ئەو ناوەندە گرنگترین کاری وەبەرھێنانە لەو شارۆچکەیە. ٣٠ ساڵە خەڵکی ئۆڤاجک چاوەڕێی دروستکردنی ئەو ناوەندە دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد ساڵی ٢٠١٤ بە کردنەوەی ئەو ناوەندە، ئۆڤاجک دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئەو یاریە.
كایا لە درێژەی قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە وەرزی زستان ئەستووری بەفر لە ئۆڤاجک دەگاتە ٢ – ٣ مەتر و گوتی: "لە زۆر مەڵبەندی یاریەکانی خزینی سەربەفر لە تورکیا بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا بەفر کەم دەبارێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشبڕکێی ئەو یاریە دەبێت کە چەندینیان ئەنجام نەدران بەھۆی کەمی بەفر، بەڵام ئەگەر ئەم ناوەندە بکرێتەوە ژمارەیەک لەو پێشبڕکێیانە بۆ ئێرە دەگوازرێنەوە، ھەروەھا تیپی میللی تورکیاش لێرە خۆی بۆ پاڵەوانیەتیەکان ئامادە دەکات."
ھەر لەمبارەیەوە سەرۆکی شارەوانی ئۆڤاجک موستەفا ساری گول گوتی: "٢٥ – ٣٠ ساڵە چاوەڕێی دروستکردنی ئەو ناوەندە دەکەین."
ھەروەھا گوتی: "دەڤەری ئۆڤاجک لە دێرسیم یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکان، و بە دروستکردنی ئەو مەڵبەندە، گەشتیاری زستانەش لەو شارۆچکەیە پێشدەکەوێت."