ئیستانبوڵ
بەمەبەستی پشتگیری كردن لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كورستان مەسعود بارزانی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، لەناوچەی فاتیح لە شاری ئیستانبوڵ، بە دروشمی جیاجیا و هەڵگرتنی وێنەی بارزانی و ئاڵای كوردستان لەناو پاركی ساراچهانە كۆمەڵێك هاووڵاتی گردبوونەوە.
عیرفان بورولدای نووسەر، بەناوی گرووپەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست و ئاماژەی بەوەدا كە خەباتی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش لەلایەن شێخ عەبدسەلام بارزانیەوە داوا كراوە و كاری بۆ كراوە.
بورولدای ئاماژەی بەوەدا كە پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووداوەكانی عێراق، سەربەخۆیی بۆ كورد دەچەسپێنێت و گوتی: "زەمینەی سیاسی بە قازانجی دۆخی كورد دەسوڕیت. ئەگەر ئەمڕۆ لەو هەلومەرجەی دروست بووە، بانگەشەی سەربەخۆیی نەكرێت، سبەینێ درەنگ دەبێت، پشتگیری لە هەوڵەكان و گوتەكانی سەرۆكی كوردستان مەسعود بارزانی دەكەین لەو چوارچێوەیەدا".