ئەنقەرە
مستەفا بیلگیلی سەرۆکی دادگەی کۆماری لە تورکیا و بەرپرس لە جێیبەجێکردنی خاڵی دەیەم لە یاسای رووبەرووبونەوەی تیرۆر، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ٢٨ی شوباتی تەواو کرد.
بیلگیلی وەک گومانلێکراو ئیفادەی لە محەمەد ئاغار وەزیری پێشووی تورکیا و کۆرکوت ئەکەن عەقیدی خانەنشینکراو وەرگرت.
عەبدولقادر تۆلوچ پارێزەری ئاغار رایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی دادگەوە ١٢-١٣ پرسیار لە بریکاردارەکەی کراوە، ھاوکات گوتی"ناتوانم وردەکاریی دادگەتان بۆ ئاشکرا بکەم، شتێکی تازە لەئارادا نیە، ھەموو شتێک ئەوانەن پیشتر گوتراون."
بەپێی سەرچاوەیەکی دی، ئاغار ئەو تۆمەتانەی رەت کردۆتەوە کە ئاراستەی کراون و جەختی کردووە لەوەی ھیچ شتێکی نایاسایی نەکردووە.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە گوتوێتی "لەگەڵ ھەموو یەکەکانی ھەواڵگری و میت ھاوکار بووم، من ئەو راپۆرتەم قبوڵ نیە کە میت لەدژی من ئامادەی کردووە".
پێشتر ئاغار لە چوارچێوەی دۆسیەی (سوسورلوک)دا کە ئەوکات ناوبراو سەرۆکی ئاساییشی گشتی بوو، بەتۆمەتی تاوانکاری و پێکھێنانی رێکخراوی چەکداری، لە دادگەی سزای قورسی ئەنقەرە دادگەیی کرا و بە پێنج ساڵ بەندکردن حوکم درا.
ئاغار لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دادگە بە (بیلگیلی)ی گوتبوو "ئەرجان ئەرسۆی، زییا باندرمالێئۆغلو، ئەنوەر ئاکچاو ئەنوەر ئولو کە گومانلێکراون، ناناسم"
کۆرکوت ئەکەن عەقیدی خانەنشینکراویش دوای ئیفادەدان بە رۆژنەمەنووسانی گوت "من تەنیا ھێزی تایبەتم پەروەردە دەکرد، ھەرگیز وەزیفەم نەکردوە، لەگەڵ کەسێکیش نەڕۆیشتمە بۆ وەزیفە، دەسەڵاتیشم بۆ فەرمانکردن نیە".
کۆرکوت ئەرکەن لە ئیفادەی خۆیدا ئاشکرای کرد (مەحمود یەڵدڕم) کە بە نازناوی (یەشیل) بەناوبانگە، زیندووە.