Abdullah Shukur
29 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2018
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و گوتەبێژی ئەو پارتە، ماھیر ئونال گوتی: "ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی باری نائاسایی لەلایەن سەرکۆمار و سەرۆکی گشتی پارتەکەمان ئاشکرا کراوە. بۆیەش ھیچ گۆڕانکارییەک لەم ھەڵوێستەی ئێمەدا نییە".
ئونال لە کاتی بەردەوامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی ئاک پارتی بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد.
ئونال لەبارەی ئەگەری بەردەوامی باری نائاسایی لە تورکیا گوتی: "ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی باری نائاسایی لەلایەن سەرکۆمار و سەرۆکی گشتی پارتەکەمان ئاشکرا کراوە. بۆیەش ھیچ گۆڕانکارییەک لەم ھەڵوێستەی ئێمەدا نییە".
ماھیر ئونال لەبارەی کاتی سوێند خواردنی یاسایی ئەردۆغان و ئاشکراکردنی کابینەی نوێ رایگەیاند کە تاکو ئێستا لەمبارەیەوە ھیچ ھەڵسەنگاندنێک نەکراوە.
ھاوکات ئونال لەبارەی بڕیارنامەی ژمارە ١ی سەرۆکایەتی کۆمار گوتی: "ھەفتەی داھاتوو واتە پێش پرسی سوێند خواردنی یاسایی، بڕیارنامەی حکوومەت بڵاودەکرێتەوە و پاشانیش سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارنامەی خۆی دەردەکات، واتە لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمەکە بڕیارنامەی ژمارە ١ی سەرۆکایەتی کۆمار دەردەکرێت".
جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و گوتەبێژی ئەو پارتە لەبارەی پشتیوانیکردنی مەھەپە لە کاندیدی ئاک پارتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان گوتی: لە چوارچێوەی راوێژکاری فراکسیۆنەکان سەرۆکی پەرلەمان دیار دەکرێت. ھاوکات ئێمەش بەشداری ئەو پڕۆسەیە دەکەین و کاندیدی خۆمان بۆ ئەو پۆستە دیار دەکەین. چونکە ھەروەکو دەزانین فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پێکدەھێنرێن ئینجا راوێژکاری لەمبارەیەوە ئەنجام دەدرێت".