Mümin Altaş
15 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2022
ئەنقەرە-AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون بەبۆنەی ١٥ی تهمووز رۆژی دیموكراسیی و یهكێتیی نیشتمانیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رایگەیاند ١٥ی تەمووز وەرچەرخانێکی نوێیە بۆ مێژووی سیاسی لە تورکیا.
ئاڵتون بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لەو شەوەدا (شەوی ١٥ی تەمووز) بەرخۆدانی مەدەنی بەرگریی لە ئیرادەی گەل کرد، گوتی: "بە هەموو جیهانی راگەیاند کە ئەو گەلە کە ئەو شەوە لەسەر بانگەوازی رێبەرەکەی رژایە سەر شەقامەکان، سەربەخۆیی و دیموکراسی خۆی پاراستووە".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون بە جەختکردنەوە لەوەی کە ئەم بەرخۆدانە لە مێژووی جیهاندا بە پیتی زێڕین نووسراوە، رایگەیاندووە "قسەکەی سەرکۆمارمان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، شەوی ١٥ی تەمووز کاتێک گوتی، من دانم بە دەسەڵاتێکدا نەنا لە سەرووی دەسەڵاتی میللەتەوە بێت، بە هەموو دنیای نیشان دا کە هیچ ئاستەنگێک نییە کە ئیرادەی میللەت نەتوانێت بیبڕێت. گەورەترین هێزمان لەم رێگایەدا یەکڕیزی و هاودەنگیمانە. داوا لە خودا دەکەم رەحمەتی خۆی بەسەر شەهیدانماندا بڕژێنێت کە لەپێناو خاک و نیشتمان گیانیان بەخشی. ناهێڵین بەرخودانی گەل لە ١٥ی تەمووز لەبیر بکرێت. جارێکی دیکە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا لێپرسینەوە لەگەڵ داگیرکەران، کودەتاچییان، رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانیان دەکەین و ئامانجە بۆگەنەکانیان بە تەواوی لە گۆڕ دەنێین".