لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێک بۆ گوتەکانی سەرۆکی مەھەپە دەوڵەت باخچەلی کە گوتویەتی دووبارە دادگاییکردنەوەی تۆمەتباران دەگات بە کلکی دادگایی دۆسیەی ئۆجالان، لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی ئاکپارتی حوسێن چەلیک گوتی: "بەبەردەوام باخچەلی مێشکی خۆی بەم شتانەوە ھیلاک دەکا، عەبدوڵا ئۆجالان سەرجەم قۆناغە یاساییەکانی تەواو کردووە. بەزیندانی ھەتا ھەتایی تاوانبار کراوە، ئەگەر یاسای پارێزگاری بۆ پەرلەمان بھێنرێ، ئەوا باخچەلی دەڵێ ئێوە ئەو مادەیەتان بۆ ئاپۆ ھێناوە، وانیە؟."
چەلیک لە گوتەکانیدا ئاماژەی بە رەخساندنی لێبوردنی گشتی کردو گوتی: جێگری سەرۆکوەزیران بولەند ئارنچ دەرگای لەسەر ئەم مەسەلەیە داخست، ئومێدێک ھەیە کە وا دەزانن دادگاییکردنەوەی کەسەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی بۆ رۆژی دوایی ئازاد دەکرێن، ئەو کارێکی چاک نیە. ئومێد شتێکی باشە، بەڵام پێچەوانەی خەیاڵە، واتا شکاندنی خەون زۆر خراپترە، پێویستە ئەو رەوشانە بگرینە بەرچاو.
لەبارەی بڕیاری ھێرشی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆ رۆبۆزکی چەلیک گوتی: ئەو ھێرشە بە ئاگاداری و زانیاری سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا کراوە، لەوێ ھەندێ شتی تریش دەڵێنەوە، دەڵێن بەبڕیاری پەرلەمان ئەو بۆمبارانە کراوە، ھەروەھا باس لە دەسەڵاتی حکومەت بۆ ھێرشەکە دەکرێ، لەلایەن سەرۆکایەتی سوپا دەڵێن گروپێک لە پەکەکە بەرەو سنور دێن و سنور دەبڕن، ئایا ئێوە بن چ بڕیارێک دەدەن؟ دەڵێن بە گوڵ پێشوازیان لێ بکەن؟ کاتێ مەسەلەکە بۆ سەرەوە دەھێنرێ ورد و درشت تێکەڵ بەیەک دەکرێ، ئەگەرنا لە خاڵی لوتکە پەرلەمان و حکومەت تاوانبارن، سەرۆکایەتی سوپا تاوانبارە، کاتێ مەسەلەکان بەو شێوەیە دەگیرێتە دەست، بەلای منەوە ھەڵە دەکەن.
لە گوتەکانیدا چەلیک گوتی: کاتێک باس لە مەسەلەکان دەکرێ لایەنی جەماعەت بە بیانوو دێننەوە، ئاکپارتی و حکومەتی ئاکپارتی ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ جەماعەت نیە، شەڕمان لەگەڵ جەماعەت نیە، کاتی باس لە جەماعەت دەکرێ ئەوانە کێن، جەماعەت خوێندکارو مامۆستایە، فەرمانبەرو کرێکارە، کاسبکارانن، خێزان و ژنانی ماڵن، زۆرێک لەوانە لە نێو پارت و کابینەی حکومەتەکەمان پۆستیان ھەیە.