Emre Ilıkan,Hakan Sarı
22 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2023
وان - AA
بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆی ناو شار و بەستنەوەی شەقامەکە بە دەروازەی سنووری کاپیکۆی، لە پارێزگای وان شەقامێکی بازنەیی بە درێژەیی ٤١ کیلۆمەتر دروست دەکرێت.
شەقامی بازنەییەکەدا کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، کارەکانی خێرا کراوە بۆ ئەوەی بە ڕووی خزمەتی هاووڵاتیاندا بکرێتەوە.

لەو پرۆژەیەدا نزیکەی ٣٨٠ کرێکار و ٤٥ کارمەندی تەکنیکی لە وەزارەتەکە و بەڕێوەبەرایەتی ١١مین ناوچەی ڕێگاوبانەکان و کۆمپانیای جێبەجێکار کار دەکەن و، تا ئێستا سەدا ٤٠ کارەکان تەواو بووە.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا حەوت دووڕیانی پری، ڕێگای پەڕینەوەی ئاسنین، چوار ڕێگای پەڕینەوە، سێ ژێرزەمینی پەڕینەوە و نزیکەی ٨٠ مەنفەز دروست دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش شیکاری بومەلەرزەیان بۆ کراوە و بەو پێوانەیە دیزاین کراون.

لە سایەی ئەم پرۆژەیەوە کە درێژییەکی ٤١ کیلۆمەترە، قەرەباڵغی ناو شار کەم دەبێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن، شەقامەکە لە شەش هێڵ پێکدێت کە سیانیان چوون و سیانیان هاتنە، لەگەڵ بەستنەوەشی بە دەروازەی سنووری کارئاسانی دەکات بۆ بازرگانیی و گەشەپێدانی ناوچەیی.

بەڕێوەبەری ١١مین ناوچەی ڕێگاوبانەکان، حەسەن عەلی ئارسڵان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی هاتوچۆی ئاسان و سەلامەت لە شارەکەدا، هەروەها کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتووچۆ بۆ کەمترین ئاست.
گوتیشی "ئامانجمان ئەوەیە لە ماوەیەکی کورتدا شەقامە بازنەییەکە تەواو بکەین و بەڕووی خزمەتتدا بیکەینەوە".
