سەرکۆمار ئەردۆغان پەیامێکی هاوسۆزی بۆ پاکستان بڵاو کردەوە
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب ئەردۆغان: "تورکیا وەک هەمیشە و هەموو کاتێک لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتیوانی دۆستی کۆنی خۆی پاکستان دەبێت و وەک چۆن لە ڕۆژە خۆشەکاندا، لە ڕۆژە ناخۆشەکانیشدا لە پاڵ برایانی پاکستانیدا دەمێنێتەوە".

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب ئەردۆغان ئیدانەی هێرشی تیرۆریستی ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر پاکستان کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دووپات کردەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەم بارەیەوە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرکۆماردا هاتووە:
"ئیدانەی هێرشی قێزەونی تیرۆریستی ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر پاکستان دەکەم. لە خوای گەورە هیوای لێخۆشبوون بۆ برا پاکستانییەکانم دەخوازم کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. سەرەخۆشیش لە گەلی و حکوومەتی دۆست و برا پاکستان دەکەم. تورکیا وەک هەمیشە و هەموو کاتێک لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتیوانی دۆستی کۆنی خۆی پاکستان دەبێت و وەک چۆن لە ڕۆژە خۆشەکاندا، لە ڕۆژە ناخۆشەکانیشدا لە پاڵ برایانی پاکستانیدا دەمێنێتەوە".