Kaan Bozdoğan
09 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2022
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند بەشار خەتاب غەزال کە ناوی نهێنی "ئەبو زەید/ ئوستاد زەید"ە و یەکێکە لە بەناو بەرپرسە باڵاکانی نێو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە تورکیا دەستگیرکراوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەمیانی گەڕانەوەی لە گەشتەکەیدا کە بۆ وڵاتانی بەڵقان ئەنجامیدابوو لە ناو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرکۆماری تورکیا ئەوەی راگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (MiT) ئۆپەراسیۆنێکی گرنگیان ئەنجامداوە و یەکێک لە گرنگترین بەناو بەرپرسە باڵاکانی نێو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش-یان بەناوی بەشار خەتاب غەزال لە تورکیا دەستگیرکردووە.
- "دوای بەغدادی و قەرداش یەکێکە لە سەرکردە هەرە گرنگەکانی نێو داعش"
ئهردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا كه ئهم تیرۆریسته دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی و عەبدوڵڵا قەرداش، یهكێك بووە له گرنگترین بەناو سەرکردە باڵاكانی ناو رێكخراوه تیرۆریستییەکە، گوتی: "لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، زانیاریی هەبووە كە ئەم تیرۆریستە یەكێك بووە لە بەناو سەرکردە باڵاكانی ناو رێكخراوی تیرۆریستیی داعش. بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەبارەیەوە ئەنجامدرابوون، دەرکەوتبوو کە ئەو بەناو دادوەر بووە، لە بەناو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی داد دا ئەرکی پێ سپێردرابوو. ماوەیەکی زۆر بوو بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی ئەم تیرۆریستە لە سووریا و ئیستانبوڵ دەکرا و زانیاریی هەواڵگریش بەدەست هاتبوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەهێتە ناو تورکیاوە. ئەم تیرۆریستە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی هەواڵگریی ئاسایش و میت و پۆلیسی ئێستانبوڵ دەستگیرکرا. لەلایەن یەکەکانی ئاسایشی ئیستانبوڵەوە دیاریکرا کە ئەو تیرۆریستە ناسنامەیەکی ساختەی بەکارهێناوە و شێوەی خۆی گۆڕیوە".
سەرکۆمار ئهردۆغان ئەوەشی خستەڕوو كه تیرۆریسته دهستگیركراوهكهی داعش لهسهر رێنمایی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستانبوڵ دوای تەواوبوونی لێكۆڵینهوەکان له سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیستانبوڵ، رادەستی دهسهڵاتی دادوهریی کراوە.
- لە راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە کرابوو کە "سەرکردەی داعش" بووە
لە ٣٠ەمین راپۆرتی ئاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کرابوو کە بەشار خەتاب غەزال ئەلسومەیدایی ئەرکی سەرکردایەتیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکەی پێ سپێردرابوو.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "لە سێی شوباتدا، سەرکردەی داعش، ئەمیر محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان ئەلسەلبی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ئەنجامدرا لە ناوچەی عەتمە کە دەکەوێتە نزیك سنووری توركیا، كوژرا. لە ١٠ی ئاداردا، داعش کوژرانی ئەلسەلبی و دانانی ئەبوحەسەن هاشمی قوڕەیشی لە شوێنی ناوبراودا راگەیاند. لە کاتێکدا هێشتا ناسنامەی راستەقینەی ئەبوحەسەن دیاریی نەکراوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم کەسە بەشار خەتاب غەزال ئەلسومەیداییە".