Halil Şahin
11 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2023
ئیزمیر - AA
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی هۆتێلەکانی تورکیا محەمەد ئیشلەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، تورکیا توانای پێشوازیکردن لە ١٠ ملیۆن گەشتیاری چینی هەیە و گوتیشی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لەسەدا ١٥ خواست لەسەر گرتنی هۆتێلەکان بەرز بووەتەوە.
گوتیشی: "ئەمساڵ، ساڵێکی سەرکەوتوو بوو لە بوای گەشتیاری لە وڵاتەکەمان. بە پێی ئەو پێشتر گرتنی هۆتێلەکان، پێ دەچێت لە ساڵێکی ٢٠٢٤ ساڵێکی باش بێت بۆ کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەمان. لە سەرەتای ساڵەوە هەتا تشرینی یەکەم، ١٩٨ هەزار و ٨٠٧ گەشتیاری چینی ڕوویان لە تورکیا کردووە. یەکەمین حجزکردنی هۆتێلیش لە لایەن چینییەکانەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ هەر لە ئێستاوە لەسەدا ١٥ زیادی کردووە.
محەمەد ئیشلەر گوتیشی، "بەر لە قۆناغی کۆرۆنا، نزیک بە ٥٠٠ هەزار گەشتیاری چینی ساڵانە سەردانی تورکیایان دەکرد. دواتر لەگەڵ هاتنی شەپۆلی کۆرۆنا و بڕیارەکانی چین بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر خەڵکەکەی بۆ وڵاتانی جیهان، ئەو ڕێژەیە دابەزی. ئێستا حکوومەتی چین بڕیارەکەی هەڵگرتووە و چینییەکان دەستیان بە گەشت کردووەتەوە".
گوتیشی: "تورکیا دەتوانێت بازارێکی دیکە لێرە بۆخۆی دیاری بکات. ئەگەر لەبەر چاوی بگرین کە ئەڵمانیا شەش ملیۆن، بەریتانیا سێ ملیۆن، ئەوە کەرتی گەشتیاری تورکیاش دەتوانێت پێشوازی لە ١٠ ملیۆن گەشتیاری چینی بکات.
محەمەد ئیشلەر گوتیشی، تورکیا لە توانایدا هەیە کە لەسەدا ٢٠ی کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەی تایبەت بکات بە چینییەکان چونکە ڕێژەی حەشیمەتی چین نزیک بە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کەسە.
ئیشلەر جەختی لەوەش کردەوە کە، گەشتیارانی چینی ئەوەندە حەزیان لە لم و دەریا و خۆر نییە و تورکیا مەبەستێتی بۆ ئەوان پەرە بە بوارەکانی خۆراک و کولتووری بدات، گوتی: "خەڵکی چین زیاتر سەردانی ئیستانبوڵ، کاپادۆکیا، ئەفەس، پاموک قەڵا، ئانتالیا، برگاما و شاری مێژوویی ساردیس دەکەن".
شایەنی باسە، کەرتی گەشتاری تورکیا بە پێی ئەو ڕێکلامانەی کە دەرخەری تواناکانێتی ئەنجامی داوە، توانیوێتی ڕێژەی گەشتیاری چینی کە لە ساڵی ٢٠٠٢، نزیک بە ٢٨ هەزار کەس بوو، لە ساڵی ٢٠١٩دا بیگەیەنێتە ٤٢٦ هەزار گەشتیار.