Gökhan Balcı
16 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2022
ئەدیرنە - AA
باڵندەناس و سەرۆکی کۆمەڵەی کاری زیندەفرەجۆری، ئۆزمەن یەلتەکین ئاشکرای کرد، رەنگە قەیرانی ئاووهەوا کار بکاتە سەر کۆچی لەقلەقەکان.
ئۆزمەن یەلتەکین بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند هەلومەرجی کەشوهەوا رۆڵێکی گرینگی لە کۆچی باڵندەکاندا، هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای قەیرانی ئاووهەوا، گۆڕانکاری بەرجەستە لە رووداوەکانی کەشوهەوادا بەدی کراوە و گوتی: "زۆرجار باران بەشێوەیکی توندتر لەجاران دەبارێت کە ئەمەش دەبیتە هۆی دروستبوونی لافاو. با و گەردەلوولیش بەهەمان شێوە، زۆر خێراتر لە جاران هەڵدەکەن کە ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیەوە دێنێت. هەروەها تێبینی ئەوەمان کردووە کە تەرزە زۆر چڕتر لە جاران دەبارێت. زۆرجار پێشهاتنی هەریەک لەو رووداوانەی ئاماژەمان پێدان، ئاستەنگی لەبەردەم کۆچی لەقلەقەکان دروست دەکەن. هەر وەکوو گەلێک جاریش لە خەڵکەوە دەیبیستین، درەنگ هاتنی زستان یاخود بەهار رەنگە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر کۆچی لەقلەقەکان".
یەلتەکین ئەوەشی خستەڕوو کە لە بارودۆخێکی وەهادا لەقلەقەکان ناچار دەبن لە رێگادا پشوو وەربگرن و بحەسێنەوە.

- "روودانی هەر گۆڕانکارییەک لەسەر رێگەی کۆچکردنیاندا، کار لە لەقلەقەکان دەکات"
باڵندەناس ئۆزمەن یەلتەکین گوتیشی: "لەقلەقەکان رێڕەوی کۆچکردنەکانیان ناگۆڕن و هەوڵی کورتکردنەوەی رێگە نادەن. لە رێگادا ئەگەر بیانەوێت پشوو بدەن، لە شوێنی لەبار و تایبەت بەخۆیاندا پشوو وەردەگرن و تیایدا دەگیرسێنەوە. بۆیە ناچارن لە هەر هەلومەرجێکی کەشوهەوادا بێت، رێگە ببڕن. بەتایبەت گۆڕانی کەشوهەوا لە وەرزی کۆچکردندا، رەنگە زۆرجار کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر کۆچی لەقلەقەکان".
یەلتەکین ئاماژەی بەوە کرد لەقلەقەکان لەکاتی نیشتنەوەیان و مانەوەیان لە گۆم و دەریاچەکان لەرێگەی راوکردنی کرم، زیندەوەرە ئاوییەکان و گیانەوەرە ئیسفەنجییەکانەوە سکیان تێر دەکەن و گوتیشی: "زۆرجار بەتایبەت لە کێڵگە و ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بەکارهێنانی پەین و ماددەی کیمیاوی لەلایەن جووتیارانەوە، کاریگری خراپ دەکاتە سەر تەندروستیی لەقلەقەکان و رێگە لە گەشەکردنی سروشتییان دەگرێت. زۆرجار تێبینی ئەو جۆرە ژەهراوی بوونەی باڵندەکانمان کردووە. هەروەها لە وەرزی کۆچکردن و لە وەرزی زاوزێکردنیشدا زۆرجار لەقلەقەکان، بەهۆی بەرکەوتنی کارەبا و کەوتنە ژێر هۆکارەکانی گواستنەوە لە رێگاکاندا زامدار دەبن، هەندێک جاریش ژەهراوی دەبن".
سەرۆکی کۆمەڵەی کاری زیندەفرەجۆری، ئۆزمەن یەلتەکین هۆشداریشی دا لەوەی لە ئەگەری دۆزینەوەی هەر لەقلەقێکی زامدار، پێویستە بۆ چارەسەرکردن و سارێژکردنی ببردرێتە نزیکترین لقی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگە و پارکە نیشتمانییەکان.