ئیستەنبوڵ
ئەکتەری کۆمێدیی تورک (شاھان گۆکبەھار) ناسراو بە رەجەب ئیڤەدیک، دوای ئەوەی لەسەر ئەکاونتی رەسمیی خۆی لە تویتەر، چەند توانجێکی بێ ناونیشانی نووسیبوو، لەلایەن (حوسێن عەونی دانیال)ی ئەکتەرەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکە لە دادگای ئانادۆڵوی یانزەھەمینی سزاکان لە ئیستەنبوڵ، بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتبار بەڕێوە چوو، بەڵام ئەکتەری سکاڵاکار (حوسێن عەونی دانیال) و پارێزەرانی ئامادە بوون.
سکاڵاکار دانیال بەمشێوەیە باسی رووداوەکەی کرد " شاھان گۆکبەھار، ١٢ ساڵ لەمەوبەر دوای دەرچوونی لە زانکۆ، سێ چوار ھەفتە لە شانۆکاریی مندا لە ئەنقەرە کاری کرد. پاشان من ئەوم دوورخستەوە. لەوکاتەوە ھیچ خاڵێکی ھاوبەش ئێمەی بەیەکەوە نەبەستۆتەوە و یەکتریشمان نەبینیوە. ئێستا ئەو ناوی منی ھێناوە و سووکایەتی پێکردووم. لەبەرئەوە سکاڵا لەدژی تۆمار دەکەم".
پارێزەری دانیال (تومەر ئۆکتان) گوتی "گولبەھار گوتەکانی خۆی بە بیروڕای ئازاد ناوبرد، بەڵام ئەو دەستەواژانە سنووریان بەزاندووە و ناچنە چوارچێوەی بیروڕای ئازاد. بۆیە داوا دەکەم سزا بدرێ".
دادوەر ھەموو سووکایەتییەکی (ڤیدیۆیی، دەنگی، نووسراو)ی ئەکتەرە کۆمێدییەکەی بە تاوان داناو چاوەڕێی بەرگری لەخۆکردنی لە گومانلێکراوی ئامادەنەبوو کرد، دادگاییکردنەکەیشی دوا خست.
لە سکاڵاکەدا ھاتووە کە گوڵبەھار دەستەواژەکانی "پیاوە ساختەچییەکە و کۆنە شانۆکارەکە"ی ئاڕاستەی دانیال کردووە و نووسیویەتی "خۆشەویستdی پارە کردوویەتی بە ئەکتەری زنجیرە فیلم". جگە لەوەش، دەنگۆی ئەوە ھەیە گوڵبەھار بە نامە قسەی ناشdرینی بە دانیال گوتبێ.
ھەرچەندە گوڵبەھار لە پۆستەکانیدا بە ئاشکرا ناوی دانیالی نەبردووە، بەڵام ھەموو وەسف و توانجەکان دەریدەخەن کێی مەبەستە.
دانیال لە سکاڵانامەکەدا داوا لە دادگا دەکا دوو ساڵ زیندانی بەسەر گوڵبەھاردا بسەپێنێ.