Mazın Asad,Sangar Hamad Azeez
15 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "ھەموو لایەک چاوەڕوانی ھەنگاونان لە ئێمە دەکەن، بە ئەمریکاشەوە. ھەرگیز دوودڵ نابین لە بەکارھێنانی ھەر ھێزێک، ئەگەر پێویست بکات".
دوای کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیف لۆدریان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش بۆ ھەردوو وەزیر ساز کرا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "لە پرسە ناوچییەکان بە تایبەتی لە سەر پرسی عێراق، سووریا و لیبیا لەگەڵ فەڕەنسا خاوەن ھەمان بیروڕاین. چونکە بیروڕامان روونە و ھیچ شتێکی نھێنی تێدا نییە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ فەڕەنسا لە دیالۆگێکی جدی دان و گوتیشی: "خوایاربێت ھەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیاش تەواودەبێت و کەسی شیاو سەردەکەوێت و ئەوکات لەگەڵ ئەڵمانیاش ھەمان پەیوەندی جاران دەبەستینەوە".
لەبارەی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "لە بنەڕەتدا ھەڵوێستی فەڕەنسا لەگەڵ تورکیا وەک یەکە. بڕیاری ریفراندۆمێکی لەو جۆرە ھەڵەیە و ئەم بڕیارە بۆ تورکەکان باش نییە، بۆ عێراق باش نییە و بۆ ناوچەکەش باش نییە".
چاوشئۆغڵو تیشکی خستە سەرئەوەی کە لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا بە روونی باسی لە بابەتەکە کردووە و گوتی: "بڕیاری گشتپرسی هەڵەیە. ئەگەر پاشگەز نەبنەوە ئەوا کاریگەری خراپ بۆ کورد و ناوچەکە دروست دەبێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە کاتی خۆی بەغدا و هەولێر رێککەوتنیان ئەنجام داوە و گوتیشی: "لە بابەتی گشتپرسیدا هەموو جیهان چاوەڕوانی کاردانەوەی تورکیا دەکەن. ئەمریکا دەڵێت ئێوە هاوسنوورن، هێزتان هەیە، هەرگیز دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی هەر هێزێک، ئەگەر پێویست بکات".
چاوشئۆغلو جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بابەتەکە بۆ ناوچەکە گرنگە و هەر بۆیەش رەنگە لەگەڵ فەڕەنسا هەندێک هەنگاوی هاوبەش بنێن و گوتی: "لەبابەتی ئەنجامدانی گشتپرسی ئەگەر بێت و پیداگیری هەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەوا دەبێت باجیشی هەبێت".
ناوبراو هیوایشی خواست کە هەرێمی کوردستان لەو بڕیارە پاشگەزببێتەوە و گوتی: "سەبارەت بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی دەستوور، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، ئەگەر پێویست بکات چەند وڵاتێک نێوەندگیری دەکەین و بەڵکو ئەو کێشانە لە ریشەوە چارەسەر دەکەین".
چاوشئۆغڵو گوتیشی کە ناوچەکە ناسەقامگیرە و کێشەی تیرۆری هەیە هەر بۆیە پێویست بە زیادکردنی کێشەی دیکە ناکات.
-"پێویستە واز لە بڕیاری گشتپرسی بھێنن"
لە دوای بەبیرھێنانەوەی لێدوانەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بەوەی کە رایگەیاندبوو ئەگەر بەدیلێکی باشتر لە گشتپرسی پێشکەش بکرێت ئەوا دەتوانن ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام ئەگەر ئامانجەکە تەنھا بۆ دواخستنی گشتپرسییەکە بێت ئەوا لە ٢٥ی ئەیلوول دچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان ، لەمباریەوە چاوشئۆغڵو گوتی: "پێویستە واز لە بڕیاری گشتپرسی بھێنرێت. ئێمە بەمەبەستی جێبەجێکردنی مافەکانی دەستوور دەتوانین نێوەندگیری بکەین. ھاوکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئەوان ئارەزووی دەکەن، بە تایبەتی فەڕەنسا کە لەمبارەیەوە پێشەنگە، یان لەگەڵ ھەر وڵاتێکی دیکە کە ئیدارەکەی بارزانی ئارەزووی دەکات، نێوەندگیری دەکەین و چاودێریش دەبین لەمەڕ پێدانی مافەکانی دەستوور، ئەو پێشنیارەشمان داوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین کە بڵێن 'ئەمساڵ گشتپرسی دوادەخەین و ساڵێکی دیکە ئەنجامی دەدەین' ئێمە دژی ئەوەین. ئێمە گوتمان لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئەرکی سەر شانمان جێبەجێ دەکەین لەمەڕ پێدانی مافە دەستوورییەکان بە ئیدارەی ھەرێم (هەرێمی کوردستان) لێرەوە دووبارە دەیڵێینەوە. جیابوونەوە دژی دەستووری عێراقە ، بەڵام دەبێت مافە دەستوورییەکانیش جێبەجێ بکرێن".