ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەند ئارنچ لە تەلاری نوێی سەرۆكوەزیران وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئارنچ سەبارەت بە ھەر سێ ھەڵمەتەکەی دوێنێ كە لەلایەن داواكاریی گشتیی ئیستانبوڵەوە دژ بە گەندەڵکاران بەڕێوە چوو گوتی "با كەسێك چاوەڕوان نەبێ حكومەتەكەمان لایەنگری گەندەڵی بكا."
ھەروەھا گوتی "حكومەتەكەمان لایەنگری دادپەروەرییە. هەتاھەتاش پشتگیریی پرۆسەی دادگاییکردن دەبین. ھەر كێ لە پشت ئەمانە بن دیسان ھەموو كات رێز لە بڕیاری دادگە دەگرین."
بولەند ئارنچ گوتیشی "ئیرادەی سیاسیمان بە ھێزە و ئەو ئیرادەیە دەستبەكارە بۆ ئەوەی گەندەڵچیەكان نەھێڵێ."
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی "باس لە گوێگرتن لە پەیوەندییەكانی ئەو كەسانە دەكرێ كە ماوەی 14 مانگە بە نھێنی ئەنجام دراوە. ئەو كارانەی كراوە شتی خراپن، سنووربەزاندنی ژیانیی تایبەتین. رووبەڕووی ھەڵمەتێكی سایكۆلۆژیی بەرنامە بۆ داڕێژ بووینەتەوە. ئاخۆ مەبەست لەمە چییە؟ دیارە ئامانجیان لاوازكردنی حكومەتەكەمانە."
ئارنچ گوتیشی "باسی بوونی وێنە و ڤیدیۆ دەكرێ، ئەمە شتێكی ناڕەوشتییە. ھەروەھا ئەگەر دەنگۆ ھەبێ دەبێ تا كۆتایی بە دوایدا بچن و روونی بكەنەوە. ناوی كێ دەربچێ، لەبەرەی حكومەتەكەمان بن یان نەبن، دەبێ ھەموو ئاشكرا بكرێن. ئێمە حكومەتێكی دژی گەندەڵین و تاھەتایە وا دەمێنینەوە."
ئارنچ ھەروەھا گوتی "ئەم ھەڵمەتانە بۆ ئێستا و لەم کاتەدا ئەنجام دەدرێن؟ بۆ پڕ لە ھەڕەشەن؟ بیر بكەنەوە. بێگومان ئامانج لەوانە تەنگاوكردن و بێھێزكردنی دەسەڵاتی حكومەتە. خۆ ئێمە ھەر لە سەرەتاوە دژی گەندەڵی و گەندەڵچیەكانمان كۆشش دەكەین و بەردەوامیشین. ئەگەر لە ناو دەوڵەتدا ئەم شتە جێگیر بووبێ، بەڵێن دەدەین كە ئەوانە ئاشكرا بكەین."