Zuhal Demirci
05 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی رایگەیاند کە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیەی دەستووری هیندستان کە پێگەیەکی تایبەتی بە جاموو و کەشمیر بەخشیبوو، بەهۆی ئەو رێکاریانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەجێگەیەندراون رەوشی جاموو و کەشمیر خراپتر بووە و ئەو کارەش خزمەتی بە ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەکە نەکردووە.
حامی ئاکسۆی لە ساڵیادی یەکەمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیەی دەستووری هیندستان کە پێگەیەکی تایبەتی بە جاموو و کەشمیر بەخشیبوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە ''دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیەی دەستووری هیندستان کە پێگەیەکی تایبەتی بە جاموو و کەشمیر بەخشیبوو، ئەو رێکاریانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەجێگەیەندراون رەوشی جاموو و کەشمیر خراپتر بووە و ئەو کارەش خزمەتی بە ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەکە نەکردووە. تورکیا پێی وایە کە پێویستە ئەو کێشەیە بە رێگای دیالۆگ و لە چوارچێوەی مەرجی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە چارەسەر بکرێت''.
هیندستان لە پێنجی ئابی ٢٠١٩دا بە گۆڕینی دەستوور پێگەی تایبەتی سەر جاموو و کەشمیری هەڵگرت و حکوومەتی ویلایەتەکەی هەڵوەشاندەوە و هەرێمەکەی بەسەر دوو ناوچەی کارگێڕی دابەش کرد و بە حکوومەتی ناوەندی بەستنەوە.
دوای بڕیارەکە هێزە ئەمنییەکانی هیندستان ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشیان لە جاموو و کەشمیر زیاد کرد و هەڵکوتانە سەر هاووڵاتییانی هەرێمەکەیان چڕکردەوە، هاوکات قەدەغەکردنی هاتوچۆ راگەیەندرا، ئینتەرنێت، تەلەفۆن و گواستنەوەیان سنووردار کرد و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتە ناوخۆییەکانیان دەستگیرکرد.