ئیستەنبوڵ
وەزیری دادی تورکیا بهكر بۆزداغ ئامادەی ئیفتاری کۆمەڵی مافناسانی تورکیا بوو و لەوێ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەر قۆناغی چارسەری پرسی کورد و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە قۆناغی چارەسەری بۆزداغ گوتی: "تورکیا نزیکەی ٣٠ ساڵە شەڕی تیرۆر دەکا و لەو چوارچێوەیەدا تورکیا تووشی زەرەر و زیانێکی گەورە بووە، پێشتر بۆ کۆتایی ھێنانی تیرۆر چەندین رێبازی جیاجیا پەیڕەو کران، بارودۆخی نائاسایی سەربازی راگەیهنرا و چەندین سیاسەت و پلانی دیکە جێبەجێ کران، چەندە رێوەشوێنی ئەمنی و سەربازی ھەبوون، ھەموویان گیرانە بەر. بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، لە راستیدا ئەو شتانەی کە ئۆپۆزسیۆن پێشنیاریان دەکا ئەو رێوەشوێنە بێ ئەنجامانەن کە لە ماوەی ٣٠ی ساڵی رابردوو گیراونەتە بەر. بۆیە ئێمە وەکو حکومەت ھەم دەمانەوێ ئەو دەرفەتە کە دەبێتە ھۆی بەکار ھێنانی تیرۆر و ھەم پرسی تیرۆر پێکەوە بە یەکجاری چارەسەر بکەین و تورکیای لێ رزگار بکەین، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا ھەنگاوی زۆر نراوە و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ھەنگاوی نوێ."
بۆزداغ ههروهها گوتی: "یەکەم جارە کۆماری تورکیا لە سەر دەستپێشخەری خۆی ههوڵی چارهسهركردنی پرسێكی گهوره دهدات، لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی یەک ساڵ و نیوە بەھۆی ئاگربەست و راگرتنی توندوتیژییەوە کەس نەکوژراوە. پشت بەخوا لەمەودواش ھیچ کەسێک ناکوژرێ. ھەموو ھەوڵ و ئامانجی ئێمە کۆتایی ھێنان بە تیرۆر و ئاسوودەیی و بەختەوەری ھاووڵاتییانی تورکیایە. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاو دەنێین، ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژە یاسایەیش ههر ئەوەیه."
وهزیری دادی توركیا له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە ئەو پڕۆژەیاسایە دەسەڵاتی چارەسەرکردنی پرسەکانی بە حکومەت داوە، حکومەت بە پێی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆی ھەیە ھەر جۆرە ھەنگاوێک و رێوەشوێنێک پەیڕەو بکا، کامە پارتی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێ لە دژی پڕۆژەیاسایەک کە دەیەوێ کۆتایی بە پرسی تیرۆر بھێنێ رابوەستێ؟ بەداخەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێمە بەو جۆرە ھەڵسوکەوت دەکەن. ئەمە ئەو رەخنە سادانەن کە باس لە سیاسەتی ناوخۆیی دەکەن، من لەو باوڕەدام کە ئەوانیش لە ویژدانی خۆیاندا دەڵێن ئەو جۆرە رەخنانە ناحەقییە، گەلی تورکیا ئەو شتانە دەبینێ و دەزانێ، بۆیە پشتگیری لەو قۆناغە و لە پڕۆژە یاساکە دەکا."
لە وەڵامی پرسیارێک کە بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن باسی ئازادکردنی سەركردەی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عهبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٥دا دەکەن، بۆزداغ گوتی: "ھەمووی ئەو دەنگۆیانە بۆ لاواز کردن و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیایە، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری، پلانە قیزەونەکانیش دەستیان پێکرد و کەسێک ھەڵدەستێ و دەڵێ حکومەت یا سەرۆکوەزیران لەگەڵ فڵان کەسدا رێککەوتووە و ئۆجالان وا دەبێ و ئۆجالان وا دەکا بۆ ئەوەی دەنگ بەدەستەوە بھێنێ، لێرەدا زۆر بە راشکاوەیی ئاشکرای دەکەم کە ئەو جۆرە دەنگۆیانە تەنیا بۆ لاوازکردن و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیا و کاریگەری کردن لە سەر دەنگی خەڵکی تورکیایە و ھیچی دیکە نییە. چونکە ھیچ گۆڕانکارییەکی یاسایی یا ھیچ ھەنگاوێکی حکومەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی ئۆجالان لە ئارادا نەبووە و نییە."