هەولێر
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەکۆبوونەوکەی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو: "دوای رووداوەکانی ئەم دوایەی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن چەکدارانەوە. دەوڵەتی قانوون بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و هەموو ئەو لایەنانەی کە جللەوی دەسەڵاتیان لەبەغدا لەدەستە، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بریندار بوونە، بۆیە داوای کردبوو کە هەموو پەرلەمنتارانی کورد لە بەغدا، هێمنانە مامەڵە بکەن و رەچاوی ئەو بارودۆخە بکەن, کە ئێستا عێراق تێکەوتووە."
ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەی نوێنەرانی عیراق رێناس جانۆ، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی نێجیرڤان بارزانی پێراگەیاندین کە دەبێ لە مامەڵتان هۆشیار بن، بەهێمنی کار لە پێناو بەرێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکەن، چوونکە وەک بارزانی پێراگەیاندوون، حکوومەتی عێراق کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بەهۆی ئەو باردۆخە تازەیەی کە هاتۆتە ئاراوە، ئێستا زامدار بووە، چوونکە نزیکەی ١٤ ملیار دۆلاری لەرووی ئابووری و بەشیکی زۆری دەسەڵاتی لە پارێزگاکان و هەروەها دروستبوونی مەترسی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقی، زیانی بەرکەوتووە."
جانۆ گوتیشی: "لە وچوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەندامانی فراکسێۆنی پارتی کردووە، رەچاوی بارودۆخی رەوشەکە بکەن و بەهێمنی بەبێ ئەوەی دەستپێشخەری بکرێت، لەهەر پرسێک، بەهێمنانە هەوڵی بەرێووەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمان بدەن."
ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی پارتی گووتیشی: "ئێمە وەک کورد ئاگادار بووین لەوەی کە دانیشتنەکەی پەرلەمان سەرکەوتوو نابێ و لیستی عێراقییەی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی بایکۆتی دانیشتنەکەی کردبوو، عەممار حەکیم سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەشدار نەبوو، هەروەها ئوسامە نوجێفی بە دڵگرانی زۆر بەشدار بوو، واتە دانیشتنەکە خۆی لە خۆی دا لەسەر تێکچوون بوون و نوێنەرانی کورد نەیان دەخواست شکستی دانیشتنەکە بەشێکی بکەوێتە ئەستۆیان."
جانۆ زیاتر گوتی: "لێدوانی ئەندامیکی فراکسێۆنی پارتی لەبارەی برینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی نوری مالیکی کرد، ئەمە وای کرد زامی ئەندامانی دەوڵەتی قانوون و نوری مالیکی بکوڵێتەوە و ئەو دەمەقاڵی یە دروست بکەن کە ئێمە نەمان دەخواست دروست بێت. بەهۆیەوەش دانیشتنەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ دیاریکردنی هیچ ئاراستەیەکی روون،کۆتایی پێهات."