ئیستەنبوڵ
هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان و پاڵێوراوی پارتەكەی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میانی بەشداریكردنی كۆنگرەیەكی جەماوەری بۆ پرۆپەگەندەی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری لە شاری ئیستەنبوڵی توركیا گوتی: "چارەسەركردنی پرسی كورد قۆناغێكە كە هاوكات لەگەڵ دیموكراتیزەكردنی توركیادا بەڕێوە دەچێ."
گوتیشێ: "ئەگەر پرسی كورد چارەسەر بكرێ، ئەوە توركیا دیموكراتیزەتر دەبێ و ئەگەر توركیا دیموكراتیزە بكرێ ئەوە پرسی كوردیش چارەسەر دەكرێ و پڕۆسەی چارەسەری خێراتر دەبێ، ئەوانەی ئیرادەی ئەوەیان هەیە و بە ساڵەها بۆ ئاشتی تێدەكوشن ئێمەین و ئەو ئیرادە لە لای هەموو هێزە دیموكراتیكەكانی توركیادا هەیە. ئامانجی ئێمە لە گەیشتن بە كۆشكی چانكایا بۆ گەیشتنە بە ئاشتی و ئارامی، ئەمە ئامانجێكی زۆر ستراتیژیكە چونكە ئێمە سەراپای توركیا دیموكراتیزە دەكەین و داوای قۆناغێك دەكەین كە لە توركیادا دیموكراسی رادیكاڵ پێی بگا و رەگ و ریشەی بەهێز ببێ."
باسی لەوەش کرد کە ئامانجیان لە گۆڕانكارییەكان ئەوەیە جیاوازییەكان نەبنە هۆی لاوازكردنیان، بە پێچەوانەوە بە هێزتربوونیان، لەوبارەیەوە گوتی: "هەموو پێكهاتەكانی توركیا پێكەوە دەبنە پارچەیەکی نەتەوەیی دیموكراتیك و هەر جۆرە سیاسەت و هەڵوێستێكی تاكڕەوانە بە كۆتایی دێ و لە جیاتی هەڵوێستێكی فرە لایەنی دیموكراتیكی نەتەوەیی سەقامگیر دەبێ و لە سەردەمی دەستووری بنەڕەت دەوڵەتەوە، دەچینە ناو سەردەمی دەستووری بنەڕەتی خەڵكەوە."
دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوانەی پێشتر دەستووری بنەڕەتی دەوڵەتیان ئامادە كردبوو بە سزای زیندانی هەتاهەتایی حوكمدران و ماوەی 35 ساڵە "لە ژێر زوڵمی دەستووری بنەڕەتی كودەتایەكدا دەژین كە هیچ جۆرە مەشرووعییەتێكی نییە. بۆیە بەرگریكردن لەو دەستوورە و دەسەڵاتەكانی ئەو دەستوورە هەر وەك بەرگریكردنە لە كودەتا. كۆمەڵگەی توركیا كۆمەڵگەیەكی فرە رەنگ و چەندین پێكهاتەییە، بۆیە پێویستە دەستووری نوێی توركیا دەستوورێك بێ كە راستی ئەو جیاوازی و پێكهاتانە رەچاو بكا."
دەمیرتاش پێی وایە کە بانگەواز بۆ ژیانی نوێ ئازادی ئاینییە و لەوبارەیەوە گوتی: "بۆیە پێویستە هەموو ئەو گوشارانەی خراونەتە سەر پێكهاتە ئاینییە چەوساوەكان هەڵبوەشێنرێنەوە و هەموو كەسێک لە بواری ئاینیی و جیهانبینییەوە ئازادبێ و بتوانێ ژیانی كۆمەڵایەتی بە ئازادی و بە شێوەیەكی گونجاو لەگەڵ دیموكراسی فرە بازنەییدا بەسەر بەرێ."
جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە هەموو كەسێ بتوانێ بە زمانی دایكی نزا بكا و گوتی: "پێویستە سەرۆكایەتی كاروباری ئاینی كە تا ئەمڕۆ خزمەتی ئایدئۆلۆژیای دەوڵەتی كردووە هەڵبوەشێنرێتەوە و كۆتایی بە عەقڵییەتی تاكڕەوانەی دەوڵەت لەسەر دامودەزگاكان بهێنرێ، لە ناو كتێبەكانی قوتابخانە و هەموو دۆكیۆمێنتەكاندا پێویستە هەموو ئەو نووسراو و بابەتانەی لە دژی جیاوازیی ئاینی و ئەتنیكین لاببرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنەوە، پێویستە هەموو شوێنە ئاینییە جیاوازەکان لە بواری یاساییدا بگەنە ستاتۆیەكی گەرەنتیكراو و ئازادی ئاین و ویژدان بكرێتە بنەما و ئاین لە ژێر دەستی دەوڵەتدا رزگار بكرێ و چی دیكە نەكرێتە ئامرازێك بۆ سیاسەتكردن."