دیاربەکر - AA
سەرۆکی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بەدیدارەکانی نێوان حکومەت و ئیمراڵی گوتی: "جگە لە ئێمە، شاندێکی رەسمیی حکومەت بە نوێنەرایەتی سەرۆکوەزیران بۆ بینینی ئۆجالان سەردانی دورگەی ئیمراڵییان کردوە."
گوتیشی: ئەو شاندە نامەکانی حکومەت دەبات و دەھێنێت، ئەمانە ھەمووی تۆمار کراون، ئەگەر نەشڵێین تۆماری رەسمی، بەڵام ئەو دیدارانە بەدەنگ و رەنگ لە ئیمراڵی تۆمار دەکرێن، ئەو دیدارانەی لەنێوان ئێمەو ئیمراڵی دەکرێت لەلایەن ئێمە و دەوڵەتەوە تۆمار دەکرێت، رۆژێک دێ سەرجەم تۆمارەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا بۆ گەل ئاشکرا بکرێن ئەوکات گەل دەزانێت چی و چۆن گفتوگۆی لەسەر کراوە."
دەمیرتاش لە قسەکانیدا ئاماژەی بەگرنگی دیدارەکان بۆ کێشەکە کرد رایگەیاند: "گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەری کێشەکە ھەنگاوێکی گرنگە و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سەرجەم لایەنەکان، دەبێت پێشنیار و ھەڵبژاردەی تر بخرێتە بەردەمی ئەو کەسانەی کە دەڵێن دژی راوێژ و گفتوگۆین بۆ کێشەکە."
ھەموو کەسێک بەنیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەر، دەپرسن ئایا باوەڕ بە "پەکەکە ، بەدەپە ، ئاپۆ، کەجەکە، ئاکەپە" دەکرێت؟ ھەرکەس لەئاستی خۆیەوە کەوتوەتە گوتنەوەی ئەو پرسیارانە.
دەمیرتاش گوتی: لە دیداری ئۆسڵۆ بینیمان وەرگەڕانی سینیەکە چی لێدەکەوێتەوە، دەتوانرێت بگوترێ ئەگەر مێزەکە وەریش بگەڕێت شەڕو پێکدادان رووناداتەوە، ئەوە ئاواتی ھەموو لایەکمانە، داخوازی و چاوەڕوانی ئێمەیە، بەڵام سیاسەت بەخەون و خەیاڵ و چاوەڕوانی بەڕێوە نابرێ، قەیرانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵقوڵاوی مەنجەڵە.
دەمیرتاش ئاماژەشی بە دواین دیداری لەگەڵ ئیمراڵی کرد و ئاشکرای کرد "لە خاڵی لەدەستدانی پرۆسەکەدا نین."
دەمیرتاش گوتیشی: "رستەکانی ئۆجالان دەڵێمەوە، پێش ھەموو شتێک رێگریمان لە مردن کرد، خوێنی گەنجان ناڕژێت، ئەوە دەستکەوتێکی زۆر گرنگە، لە ماوەی ساڵێکدا ھەوڵماندا یەکتر بناسین، بۆ باوەڕکردن بەیەکتر و تێگەشتن لە لایەنی بەرامبەر، گەیشتوینەتە ھەنگاوێک تا بتوانین پرسەکە بەرێگای دیدارو گفتۆگۆ تاوتوێ بکەین، نابێت ھیچ کەسێک دیالۆگ و دیداری ئەو ساڵە بە دۆڕاندن لەقەڵەم بدات، بەدڵنیاییەوە دەتوانرا ساڵێکی بایەخدارتر تۆمار بکرایە، ئێستا دەتوانرێت ئەم خاڵە بەرەو پێشەوە ببرێت."
سەرۆکی بەدەپە لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە گرنگی دەستبەکاربونی حکومەت بۆ پرۆسەکە کرد.
دەمیرتاش بەم شێوەیە باسی لەھەنگاوی دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەرکردن لەلایەن حکومەت دەکات: "ھیچ کەسێک ناتوانێ بەربەست لەبەردەم دیداری حکومەت و ئیمراڵی دابنێ، ئەوە بێویژدانییە، چونکە ناتوانرێ کێشەی کورد لەپەکەکە و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان جیابکرێتەوە، ئەگەر سەیر بکەین دەبینین بەدیدارەکان گەل دڵخۆشە، کاتێک بەرێز سەرۆکوەزیران باس لە پرۆسەکە دەکات تەنھا لایەنە ئەرێنیەکان دەردەخات، مافی خۆیەتی ڕاستە، بەڵام ئایا بەچی سەرچاوەیەک ئەوە دەڵێتەوە؟، بەڵێ بەدیدارەکانی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەتوانێت ئەو قسەیە بکات، باوەڕی بەو ئەنجامانە ھەیە، بەڵام لەھیچ گوتەیەکیدا بەئاشکرا باسی ئەوە ناکات، ئەمە کەمتەرخەمییە، چاوەڕوانمان دەکرد لە سەردانەکەی بۆ دیاربەکر بەڕێز ئەردۆغان بەئاشکرا باسی ئەو ھەنگاوانە بکات."
داواکردنی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە لەلایەن سەرۆکوەزیران و خاوەندارێتیی پرۆسەکە ھەنگاوێکی گرنگە.
دەمیرتاش گوتی: بەرێز ئەردۆغان بەردەوام دەڵێت "دەیکەین، بەئەنجامی دەگەیەنین" بەڵام نازانین کام ھەنگاوە دەنێت یان چی دەکات، وەک بەشێک لە دیدارەکان نازانین کە بەڕێوەچونی پرۆسەکە تا چەند راستە ئەم جۆرە رێگایە بەراست نازانین، پێویستە بەشێوەیەکی شەفافانە لەسەرمێزی گفتوگۆ و بە ئاگاداریی گەل بەرێوە ببرێت."
لەبارەی دیداری ئۆجالان لەگەڵ رۆژنامەنوسان و روناکبیران و کەسانی بیرمەند و کۆمەڵگای مەدەنی دەمیرتاش گوتی: "نابێت چاوەڕوانی مەلە لە حەوزێکی بەتاڵ لە ئۆجالان بکرێت، ھەروەھا ناتوانرێت دیدارەکان بەڕێوە بچن لەکاتێکدا ئەو لە دورگەیەکە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە پچڕاوە، ئێستا لەقۆناغێکداین دەبێت حکومەت و دەوڵەت وەڵام بدنەوە، تائێستا حکومەت بەئەرێنی یانەرێنی وەڵامی تەواوەتی نەداوەتەوە بۆ پرۆسەکە، ئاماژەکان بەلایەنی ئەرێنی دەڕوانن، لەکاتێکدا بەڕێز سەرۆکوەزیران خواستی بوژاندنەوەی پرۆسەکەیە."
دەمیرتاش باسی لەبرایەتی نێوان کورد و عەرەب و تورک و نەتەوەکانی تری رۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست کرد. گوتی: "ھەموو ئەوانە خاوەنی ئەو خاکەن کە تیایدا لەدیک بوون و پێیان ناوەتە ئەم خاکە، ھەموو خاوەنی ھەمان مافین نە زیاد نە کەم، ئەو یاسایە بۆ خاکی کورد و ئانادۆڵو و فارس و تورکیش ھەمان شتە، نەخاکێکی ترو نە وڵاتێکی تر ھەیە بۆی بچین و لەوێ نیشتەجێ بین، کەسیش ناتوانێ کەس دەربکات، ھەموو پێکەوە دەژین، کەواتە دەبێت یاسای پێکەوەژیان بڕەخسێنین، ئێمە یاسای نایەکسانی رەت دەکەینەوە، ئەگەر خوێندنی زمانی دایکی تورکی ھەیە دەبێت کوردیش ھەبێت، وەک بەدەپە پێشنیازی ئۆجالان بەگرنگ دەزانین بۆ چارەسەر و پێکەوەژیانی برایەتی و یەکسانیی گەلەکەمان، نامانەوێت خوێن بڕژێ."