دیاربەکر
سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆنگرەی یەکەمی رێکستنی ئەنجومەنی گەنجاندا لە ھۆڵی وەرزشی سەیرانتەپە لە دیابەکر شانازیکردنی بە گەنجانی رێکخستن دەربڕی.
دەمیرتاش لە قسەکانیدا بۆ گەنجانی پارتەکەی ئاماژەی بەخەباتی ئازادی و قوربانی دا و گوتی: ئازادی وەک تەزبیحێکی ئاڵتونی بەھیچ نەتەوەیەک نەدراوە، ئازادی لەرێگەی خەبات و قوربانیدانەوە بەدەست ھاتووە، ئازادی تەنھا لەسەر مێز یان لە شەقامەکان بەدەست ناھێنرێت، بەڵکو دەبێت مێزو شەقام بەیەک بگەیەنرێن و لەھەموو شوێنێک لەسەر پێ بوەستن.
گوتیشی: ئەگەر تەنھا بەرێگەی سەرمێز بەرەو رێگا بڕۆین، چانسی سەرکەوتنمان کەم دەبێ، ئەگەر بمانەوێ پرۆسەی و دەستپێشخەریی سەرۆک ئاپۆ لەرێگەی ئاشتی و دیالۆگ و دیموکراسی بەرەو پێشەوە ببەین، ئەوا دەبێت دیدارەکان و دیالۆگ لەگەڵ یەکدا بۆ لوتکە بەرین، سەرۆک ئاپۆ چەندین جار جەختی لە بواری پەروەردە کردوەتەوە.
ھەموو ناوەندێک پێویستی بەڕێکخستن ھەیە
دەمیرتاش گوتی: "ئەگەر ئێمە بۆشایی دروست بکەین، کەسانێک دێن ئەو بۆشاییە پردەکەنەوە، پرکردنەوەی گۆڕەپانەکانی سیاسەت سەرەتا ئەرکی سەرشانی گەنجان و ژنانە، ھەروەک کوردستان بەقەڵای بەرگری ناسراوە، گەنجانمان پارێزگاری لێدەکەن، گەنجان بەرێکخستنەکانیان دەتوانن کاری لەشفرۆشی و دزی و ئەوانەی لەژێرەوە ئەوکارانە دەکەن بنەبڕ بکەن، لەرێگەی رێکخستن و چالاکیەکانیان گەنجان دەتوانن کەسانی بازرگانانی مادە بێھۆشکەرەکان لە ناوببەن."
بەدەستی خۆمان چارەسەرەکان دەستەبەر دەکەین
دەمیرتاش لەبارەی ھۆشیاری پەروەردەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بۆ گەنجان و کۆمەڵگا گوتی: کارەکانی ئێوە بۆ لایەنی ئابوری و سیاسی و کەلتوری کاری پیرۆزە بۆ میللەتەکەمان، ئێمە ناتوانین چاوەڕوانی ھەموو شتێک لەسەرۆک ئاپۆ بکەین، ٣٥ ساڵە لەخەباتدایە بۆ مافەکانی نەتەوەکەی و ١٥ ساڵە لە ژوورێکدا ھەوڵی ئاشتی دەدات، پێویستە زمانی کوردی بەھەموو زاراوەکانیەوە بچێتە سیستمی پەروەردە، دەبێت کتێبەکانی وانە چاپ بکرێت، ھەروەھا خوێندنگا بۆ رێکخستنەکانی گەنجان بکرێتەوە، سەرۆک ئاپۆ ھەمیشە پێداگری لەسەر پەروەردەکردنی زمانی دایک کردوە.
دەمیرتاش لە گوتەکانیدا داوای کرد گەنجان لە شارەوانیەکاندا کاریان پێبدرێ، گەنجان چونکە دەتوانن سەرجەم رێگا گیراوەکان بکەنەوە. لەبواری کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی ئابوری وڵات.
تابلۆی تاڵەبانی بەرزکرایەوە
دەمیرتاش گوتیشی: "بینینی سەرکردەکانی کورد بەیەکەوەو شتێکی دڵخۆشکەرەو ھێز بەخشە بۆ یەکگرتنی کوردستان، دووبارە ژیانەوەی پاشماوەی ئاگری کوردستان ھەستَێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە، لەماوەیەکی نزیکدا سەرۆک ئاپۆ لەبەرامبەر داخوازیەکانی گەلەکەی ئازاد دەبێت، ناتوانرێت بەردەوامی بەدیدارەکان بدرێت، لەکاتێکدا سەرۆکی گەلێک لەبەندیخانە بێت و مامەڵەی گیراوی لەگەڵ بکرێت، ئەم گەلە بەھیچ شێوەیەک ئەو رەوشە قبوڵ ناکات، لەدیدارەکانی داھاتووماندا قورسایی دەخەینە سەر ئازادی سەرۆک ئاپۆ، "ئەگەر ئۆجالان ئازاد نەکرێ پرۆسەکە چانسی بەرەو پێشچوونی نابێت."
لەھۆڵی کۆنگرەکە تابلۆی سەرکۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی بەرزکرایەوە،دەمیرتاش گوتی: باشبوونەوەی تەندروستی بەرێز تاڵەبانی بایەخی بۆ پرۆسەکە دەبێت.
دواتر جێگری سەرۆکی ھەدەپە سیڕی سورەیا ئۆندەر بەزمانی کوردی سڵاوی لە ئامادەبوان کرد و نامەی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالانی بەزمانی تورکی خوێندەوە. دواتر بە زمانی کوردی پەیامەکەی ئۆجالان خوێنرایەوە. ھەروەھا وێنەی سەرکۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی لەلایەن ژمارەیەک گەنجی کوردی عێراقەوە بەرزکرایەوە.