دیاربەکر
لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی داواکاریی گشتیی دیاربەکر لە ژەنراڵ یاڤوز ئەرتورک، لەبارەی کوشتنی ١١ گوندنشین لە ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەی پاسوری سەر بە پارێزگای دیاربەکر، ٤ کەس وەک شایەدحاڵی باسی ئەو رۆژانەیان کرد.
یەکێک لەو شایەتحاڵانە بە ناوی م.ھ گوتی "ئێمە لە گوندەکەمان بووین، فەرماندەیەکی دەمامکدار بە ئێمەی گوت بە مەرجێک ئازادتان دەکەم، بڕۆن ماڵەکانتان بسوتێنن، ماڵ و منداڵتان ببەن و ئێرە بەجێبێڵن. مەچن بەشوێن ئاژەڵەکانتان لە دارستان، لێیان گەرێن و بڕۆن."
شایەتحاڵ م.ھ دەڵێ "ئەو کاتە لە کێڵگەی پڕێژی گوندی نەدەرانی ناوچەی پاسور بووین. کۆمەڵێ سەرباز ھاتن دەوری گوندیان گرت و گوندییەکانیان لە سەر گردی شوشان کۆکردەوە. لە کێڵگەکانی دەورووبەریشەوە خەڵکیان ھێنابوو. شەومان لەوێ بەسەربرد. ناسنامەکانیان لێ وەرگرتین. رۆژی دواتر ژن و بەناوساڵاچوەکانیان ئازاد کرد. منیش لەگەڵ گوندییەکانی دیکە بووم، ئێمەیان برد بۆ گردی شێخ محەمەد. ١٥ رۆژ لەوێ ماینەوە. کاتی فەرماندەکان دەھاتن چاویان دەبەستین. کاتێ چاومان کراوە بوایە، نەیاندەھشت تەماشای دەوروبەر بکەین. ھەندێ جار سەربازەکان بە شێوەیەکی خراپ لە گوندییەکانیان دەدا. کەسە دەمامکدارەکە ٢٠ مەترلێمان دوور بوو. سەربازەکان دەیانگوت لە پارێزگای بۆلوو ھاتووە. دوایی پێی گوتین، بڕۆن ماڵی خۆتان بسووتێنن، ماڵ و منداڵتان ببەن و ئێرە بەجێبھێڵن. بە دوای ئاژەڵەکانتان مەکەون ئەوانەی بەرەو دارستان ھەڵاتوون، لێیان گەرێن و بڕۆن."
شایەتحاڵێکی دیکە بە ناوی ن.ئا دەڵێ "ناسنامەی ھەموو پیاوەکان ئەوانەی کە لە دە ساڵ گەورەترن کۆ کرانەوە. ماوەی پێنج رۆژ لە گۆرەپانێک بووین. دوایی لەگەڵ ٢٠ کەسیتر سواری کۆپتەریان کرد. بردینیانە دارستانێکی نزیک پارێزگای مووش. دارستانەکە کۆمەڵێ سەربازی ریش درێژ و زەبەلاحی تێدا بوو. داوایان لە ئێمە دەکرد، شوێنی تیرۆریستانیان پیشان بدەین. ٦ رۆژ لەوێ بووین. دوایی ئازاد بووین و بە پێ گەراینەوە بۆ گوندەکەمان. گوندەکەمان سوتابوو."
دوو شایەتحاڵ’کەیتریش بەھەمان شێوە قسەیان کرد. دادگاییکردنی تۆمەتبار ئەرتورک دوای چەند رۆژێکیتر لە دادگای سزای قورس دەستی پێ دەکات.