ئەنقەرە
سەبارەت بەکاری ھاوبەشی وزەی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.
لە بەیاننامەکەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەڤەند گومروکچو سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێ: "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی ٢٧ تشرینی دووەم لەو پرسەدا ھاوھەڵوێست بووین، بەڵام کارەکانمان کۆتایی نەھاتووە، دەبێت بەپێی یاسای بازرگانی عێراق رێکەوتنەکە ساز بکەین."
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا ھاتووە "دەبێت رێکەوتنەکە لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانیی گەلدا بکرێ، ھەروەھا گرنگی بەکاری ھاوبەشی نێوان لایەنەکان بدرێت و ئەو کارە بۆ بەرژەوەندیی ھەردوولا ئەنجام بدرێ."
بەیاننامەکە باس لە چۆنێتیی رێکەوتنی کاری ھاوبەشی وزەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا دەکا: "وڵاتەکەمان لەچوارچێوەی دەستوری عێراق کاری ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق ساز دەکا، دەمانەوێ ئەم کارە ببێتە مایەی لێک تێگەیشتن و فراوانکردنی پەیوەندیەکان و بەھێزکردنی ئابوریی وڵاتەکەمان، خوازیارین رێکەوتنامەکە بە تاوتوێکردنی سەرجەم بابەتەکان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و چارەسەری کێشەکان تەواو ببێ."