سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی گشتی پارتی ئاشتی دیموکراتی-بەدەپە لە شاری سلێمانی کە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدارو چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردایەیی ی.ن.ک لەو شارەیە، بۆ ئاژانسی ئاندۆڵو گوتی:" رەتکردنەوەی داواکارییەکانمان بۆ ئازاد کردنی پەرلەمانتارانی بەدەپە لە لایەن دادگای تورکیا، پێڕەو کردنی سیستمی دوو فاقییە لە دادوەرییدا.کاتێ مرۆڤ ڕوو بەڕووی ستەم دەبێتەوە، پەنا دەباتە بەر دادگاکان. باشە ئەگەر دادگا ناڕەوایەتیت بەرامبەر بکا ئەوکات چی دەکەی؟."
دەمیرتاش رایگەیاند: بەدەپە زۆر لەو ھەڵوێستەی دادگای تورکیا توڕەو نیگەرانە. ھەروەھا گوتی:"تەنیا پەرلەمانتارانی بەدەپە نین کە لە تورکیا ڕوو بەڕووی ناڕەوایەتی دادگا بونەتەوە, بەڵکو ھەموولایەک لەگەڵ دادگادا کێشەی ھەیە . ئێمە چاوەڕێی دادپەروەریی لەم جۆرە دادگایانە ناکەین, پەرلەمانتارانمان بەسەرو زیادەوە سزا دراون، ئەگەر بێت و ئەمرۆش ئازاد بکرێن ھێشتا دادپەروەریی جێبەجێنەکراوە. چونکە زۆر لە زیندان ماونەتەوە."
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا جەختیکردەوە لە بەردەوامیدان بە خەبات بۆ بەدەستھێنانی ئازادی بۆ ئەو گیراوانە و رایگەیاند: بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو گیراوانە ڕێگەی دادگای دەستووریی دەگرنەبەر.
لەبارەی کێشەکانی ناو تورکیا و ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەمیرتاش گوتی:" راستە ھەمووان لەگەڵ سزادانی تۆمەتبارانی گەندەڵکارانین بەڵام ھاوکات ئەمە شتێکمان بۆ دەردەخا ئەویش بوونی دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا کە ھێزێک ھەیە بە ھاوتەریبی کار دەکا. خوازیارین حکومەتی ئەردۆغان ھەوڵی کۆتایی ھێنانی ئەو باڵانە بدا کە دەوڵەتی ھاتەریب دەستیان لەناو جومگەکانی حکومەتدا ھەیە و ڕێگرن لە زۆر شت."