رۆژی شەممە 21ی كانوونی یەكەم رێكخراوی مرۆڤ بۆ داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ بەهاوكاری فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان سمینارێكی تایبەتی لەبارەی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ریخست.
دكتۆر ئەحمەد وەرتی ئەندامی خولی پێشوو لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بەهەموو كەموكوڕێەكانیەوە باشترین یاسا كەدەرچووە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری بووە.
یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لەهەرێمی كوردستان بەپشت بەستن بەحوكمی بڕگەی یەك لە ماددەی 56ی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو لەسەر داوای ژمارەی یاسای ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 28ی رۆژی 5ی شەشی ئەمساڵ بڕیاریان لەسەر دەرچواندنی یاساكەدا. پاش لە 90 رۆژ بەسەر بڵاوكردنەوەی لە وەقاعی كوردستان، لەئێستا دوو مانگیش تێپەریوە بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار یاساكە جێبەجێ بكات.
لەمبارەیەوە ئەحمەد وەرتی گوتی: "یاساكە دەرچووە و پێویستە حكومەت و لایەنەكانی پەیوەدیدار ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە. بۆ جێبەجێ كردنی ئەم یاسایە دەبێ میكانزمێكی گونجاو دابنرێ و هۆشیاری گشتیت هەبێ تا یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێ، بەجێبەجێكردنیشی دەبێتە هۆی شەفافیەت و مافی هاوڵاتییان لە دەستكەوتنی زانیاری."
رۆژنامەنووس كامەران محەمەد گوتی: "داوا دەكەین یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری جێبەجێ بكرێ، بەداخەوە كێشەی ئێمەی رۆژنامەوان ئەوەیە وەك پێویست زانیاریمان دەست ناكەوێ، هەرئەوەش وادەكا رۆژنامەوانان بێ زانیاری هەواڵەكانیان بڵاو بكەنەوە، یاخود پەنا بۆ سەرچاوە ببەن، زۆرجاریش دەكەونە هەڵەوە."
یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە 22 ماددەی پێكهاتووە، ماددەی بیست و یەك جەخت لەوە دەكاتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و بەهەما هەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمای پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكا.لە ماددەی دووەمی ئەو یاسایەدا ئامانجەكانی خراوەتە روو. مەبەستی دەركردنی ئەو یاسایە ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتیانی هەرێمە بۆئەوەی مافی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بەكاربهێنن، كە لەلای دەزگای گشتی و تایبەتەكاندایە بە گوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە. هەروەها لە برگەی دووەم و سێیەمی هەمان ماددە جەخت لەوە كراوەتەوە كە بوونی یاساكە پشتگیركردنە لە پرەنسیپەكانی شەفافیەت و بەشداری كارا بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراتی و دابینكردنی كەشێكی لەبارتر بۆ ئازادی رادەربڕین و بڵاوكراوە.
سەبارەت بەجێبەجێنەكردنی ئەویاسایە نەریمان تاڵب وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەم یاسایە لە وەقائیعی كوردستان بڵاو كراوەتەوە و كەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام هەندێ یاسا هەیە ناكرێ بگوترێ دەسەڵاتی جێبەجێكردن كەمتەرخەم بووە، یان بۆچی جێبەجێی ناكات."
وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات، یاسا كاتێك دەردەكەوێ جێبەجێ دەكرێ هاوڵاتی یان رۆژنامەنووس داوای زانیاری بكەن، ئەگەر كار بەو یاسایە نەكرا كەواتە ئەوان مافیان هەیە سكاڵا تۆمار بكەن و گوتی: "تا ئێستا رۆژنامەنووسێك سكاڵای لای دادگاو داواكاری گشتی تۆمار نەكردوە، لە دژی ئەوەی كە داوای زانیاریكردوە، كەچی نەیان داوە پێی و حكومەت و لایەنی فەرمی كاریان بە یاسای مافی بەدەستكەوتنی زانیاری نەكردوە. هەر كاتێك رۆژنامەوان یان هاوڵاتی دیكە زانیاری نەدرایە، ئەوكاتە یاساكە بەفیعلی دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و دەبێ داواكاری گشتی ئەم كەیسیە بجوڵێنێ و بەدواداچوونی بۆ بكا بۆ ئەوەی بزانێ ئەم یاسایە كە پەرلەمان دەری كردوە بۆچی جێبەجێ نەكراوە."