سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی گشتیی بەدەپە، لە کاتی ناساندنی کاندید پارتەکەیان لە باتمان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رایگەیاند: ترسی ئەوان رکابەریی نییە لەگەڵ ئاکپارتی، بەڵکو ترسی ئەوان دوو زمانی هەندێ لە سیاسییەکانە.
دەمیرتاش بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی باتمان، ناوی سەبری ئۆزدەمیری راگەیاند.
سەرۆکی گشتی بەدەپە گوتی: "ھەڵبژاردن شەفاف و دیموکراسییانە بەڕێوە بچێ، خەڵک دەنگی بەکێ دا، دەنگی ئەوان تاجی سەرمانە."
دەمیرتاش لەگەڵ پەرلەمانتاران ئایلا ئاکات، ئەحمەد تورک کاندیدی شارەوانیی ماردین بەشداری لە رێوڕەسمی ناساندنی کاندیدای شارەوانیی پارتەکەی لە باتمان کرد.
لە درێژەی قسەکانی دەمیرتاش گوتی: "بۆ ئێمە ھەڕەشەی ھەرە گەورە، رکابەریی ئاکپارتی نییە، بەڵکو دوو زمانیە. پێویستە دەرفەت نەدەین بەوانەی دوو زمانی دەکەن. ھەندێک هەن ھەوڵ دەدەن بە دوو زمانی یەکتر بشکێنن. دەبێ هۆشیار بین. ئێمە گەلێکین کە بەدوای دوو زمانی سادە ناگەڕێین بەڵکو عاشقی گەورەی ئازادین. ھەنگاو بەھەنگاو پەیوەندییەکانمان بەھێزتر بکەین و لەو ھەڵبژاردنە بە رووی سپی دەرچین."
دەمیرتاش هەڵسەنگاندنی بۆ چوار ساڵی کارەکانی سەرۆکی شارەوانی باتمان کە ئەندامی پارتەکەیانە کرد و گوتی: "لەو بێ ئیمکانیاتەی لە باتمان هەبوو، شارەوانی خزمەتی گەورەیان کردووە. بەردەوام پشکێنەرمان رەوانەی شارەوانیی باتمان کردووە سەرۆکی شارەوانی ماڵ بە ماڵی ئەنقەرە دەگەڕا بۆ ئەوەی پارە بۆ پرۆژەکان قەرز بکا، دەیانویست ئاستەنگی بۆ دروست بکەن. بەڵام بە پشتگیریی ئێوە، نەوەکو دزی نەکرا بەڵکو خزمەتی زیاتر پێشکەشکرا. خزمەتگوزارییەکانی باتمان رەنگدانەوەی ئەم جۆرەتێکۆشانە بوو."
سەرۆکی گشتی بەدەپە هەروەها گوتی: "کاندیدا نوێکانمان بە ھەمانشێوە خزمەتی خەڵکی دەکەن. ئەو ستافەی کە دەردەچن نەوەکو دز نین، بەڵکو لە ماڵەکانیان قاسەی پۆڵا، کارتۆنی پێڵاویش نییە. ئەوان خزمەت دەکەن. لەگەڵ ئەوەش دەبێت ئەو ھەڤاڵانە لەبیری نەکەن کە ئەو خەڵکە، گیانی خۆی، ماڵی خۆی، مولکی خۆی، منداڵەکانی، گوندەکەی بەخشیووە. زوڵم و ئەشکەنجەی بینیوە، بەڵام توانی ھاوکاریی ئەو پارتە بکا تا خۆی لەسەر پێ بگرێ. تەنیا ئەوە بەسە ھەڵبژاردن دیموکراتیانە بێ، شەفاف بێ، میللەت دەنگ بەکێ بدا هەڵبژێردراوی ئەوان تاجی سەرمانە."