ئادیەمان
لە شاری ئادیەمان چەند کەسێکی نەناسراو دەستیان بە دەستنیشانکردنی ١٢ ماڵی ھاووڵاتی عەلەوی ئەو شارە کردووە و لە سەر دەرگای ماڵەکانیان ئیشارەتی جیاجیان داناوە.
بە پێ زانیارییەکان شەوی رابردوو لە گەڕەکی یەنی مەحەلەی شاری ئادیەمان چەند کەسێکی نەناسراو بە مەبەستی ھەڕەشە کردن لە سەر ماڵی ١٢ ھاووڵاتی عەلەوی ئیشارەتی جیاجیایان داناوە.
خاوەن ماڵەکانیش دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس سکاڵایەکیان تۆمار کردووە.
پارێزگاری ئادیەمان مەحمود دەمیرتاش رایگەیاند کە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە کە ماڵی ئەو ھاووڵاتییانەیان دەستنیشانکردووە دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە و گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی نێوان پێکھاتەکانی تورکیا و لە بەرامبەر ئەو کەسانە کە دەیانەوێ ئاشتی نێوان پێکھاتەکان تێک بدەن، ھۆشیارن."