دەنیزلی
وەزیری ناوخۆی تورکیا موعەمەر گولەر لەبارەی داگرتنی ئاڵای تورکیا لە کۆنگرەی گەنجانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە دیاربەکر روونیکردەوە " ئەو کارە جێی قەبووڵکردن نیەو بەھەموو شێوەیەک سەرکۆنەی دەکەم، پارتی ئاشتی و دیموکراتی لەچوارچێوەی حکومەتی تورکیادایەو لە پەرلەمان سوێندی خواردووە، بۆیە دەبووایە پابەندبێ بە دەستووری وڵاتەوە".
گولەر ھەروەھا گوتی" پێویستە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو سەرپێچییە بکرێ". تا ئێستا پۆلیسی تورکیا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە پێنج کەسیان دەستگیر کردووە.
گولەر ئاشکرای کرد کە ئەوانەی ناتوانن بەرگەی ئاڵای تورکیا بگرن، ناشتوانن لە ژێر چەتری دیموکراسیدا سیاسەت بکەن.
وەزیری ناوخۆ ھەروەھا رایگەیاند "بەپێی دەستوری تورکیا بڕگەی تایبەت ھەیە لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکیی پارتە جیاوازەکان، پێویستە ھەموو لایەک بە پێی ئەو یاسایانە مامەڵە بکەن".
گولەر پێیوایە تورکیا دەوڵەتێکی دامەزراوەییەو ناکرێ لە دەرەوەی دەستوردا مامەڵە بکرێت. ھەرکاتێکیش حاڵەتێکی لەوجۆرە بەدیکرا ، ئەوا دەبێ دادگای دەستووری رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.