وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گروپی D8 (ئەو وڵاتانەی تازە لە قۆناغی پێشکەوتندان) گەیشتە شاری ئیسلام ئاباد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان محەمەد نەواز شەریف کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەر دوو لا باسیان لە گرنگی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای ھاوکاریی ستراتیژیی نێوان تورکیا و پاکستان کردووە کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی ھەر دوو وڵات ساز بکرێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای ھاوکاریی ستراتیژیی، گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و پاکستان کراوە.
هەروەها داودئۆغڵو و نەواز شەریف، باسی رەوشی ناوچەکە بە تایبەتی رەوشی ئەفغانستان و دوا پێشھاتەکانی بەنگلادیشیان کردووە. داودئۆغڵو خۆشحاڵی تورکیای لە بەرامبەر باشبوونی پەیوەندیی نێوان ئەفغانستان و پاکستان دەربڕیوە.