Azat Muhammet
04 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
دهۆک - AA
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى، حوسێن کۆرۆ قاییدى رایگەیاند "بەهۆى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، تیرۆریستانى داعش ژمارەیەکى زۆر لە کوردى ئیزدییان بەرەو سووریا گواستەوە و لە ئێستادا نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئیزدى بەردەوام سەرقاڵى رزگارکردنى ئەو کچ و ژنانەیە کە بۆ رەققە گواستراونەتەوە ژمارەیەکى زۆریشمان رزگار کردوون".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى، حوسێن کۆرۆ قاییدى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "نووسینگەکەمان دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆر بە هەماهەنگى لەگەڵ دامودەزگاکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە تایبەت وەزارەتى پێشمەرگە، هەستا بە رزگارکردنى حەوت کوردى ئێزدى لە شارى رەققە کە بە توندرین شێوە لەلایەن داعشەوە ئەشکەنجە دراون و بارى تەندروستی و دەروونییان ناجێگرە".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش دەڵێت "لە هەفتەى رابردوو تا ئێستا لە رێگەى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێردەستى داعش لە چەندین شوێنى جیاجیا زیاتر لە ١٧ کوردى ئێزدیمان رزگار کردووە کە ٧یان ئافرەت و١٠یان منداڵن و کۆى گشتى ئەو ئێزدیانەى لەژێر دەستى داعش رزگار کراون تا ئێستا دوو هەزار ٩٥٠ کەسن. لە هەمان کاتیشدا تا ئێستا سێ هەزار ٣٨٦ کوردى ئێزدى لە عێراق و سووریا لەژێر زوڵم و ستەمکارییەکانى تیرۆریستانى داعش دەژین. داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین هاوکارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بن بۆ رزگارکردنى ئەو مرۆڤانەى کە بەردەوام لەژێر دەستى داعش دەچەوسێنرێنەوە، چونکە بە راستى ئەمە بابەتێکى مرۆییە و هیچ پەیوەندیی بە سیاسەت و نەتەوە و ئایین و مەزهەبەوە نییە".
حسێن کۆرۆ قاییدى ئاماژە بە رۆڵى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەردەوام رێنمایی و زانیارى نوێمان پێدەدرێت بۆ رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى لە دەست داعش. بەپشتیوانی سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بارزانى شەو و رۆژمان خستووەتە سەریەک تاوەکو بتوانین هەموو ئەو کچ و ژنانە رزگار بکەین کە رۆژە رەشەکانى ژیان بەهۆى داعشەوە بەسەر دەبەن، جا لە مووسڵ بێت یان رەققە بێت لە هەر شوێنێکى دونیا بێت".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى داوا لە هەموو لایەنێک دەکات کە پێش نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى نەکەون و هەواڵى بێ بنەما بڵاونەکەنەوە لە ماڵپەڕ و دەزگاکانى راگەیاندن و، گوتی: "داوا لە هەموو دەزگاکانى راگەیاندن دەکەم تا پشتڕاست نەبنەوە هەواڵەکان لەبارەى رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى بڵاونەکەنەوە، چونکە ئەمە زیان بە ئەو کچ و ژنانە دەگەیەنێت کە تا ئێستا رزگار نەکراون، لەوانەیە گۆڕانکارى لە ستراتیجییەتى مامەڵەکانى داعش بەرامبەر بە کوردى ئێزدى بەدواى خۆیدا بهێنێت".
قاییدى گوتیشى: "هەرچەند ئەو حەوت کەسە بە خانەوادەکەیان شادبوونەوە، بەڵام برینى زۆریان لە دڵ و دەرووندایە، ترس و هەڕەشەى تیرۆریستانى داعش لەگەڵیاندا ماوە، بۆیە پێویستییان بە چارەسەرى پزیشکى و دەروونى هەیە، داعش ئەو کوردە ئێزدیانەى وەک کاڵایەک بەکارهێناوە لە بەرژەوەندى گلاوى خۆیان".
دواى کۆنتڕۆڵکردنى شنگال لەلایەن داعش، چەکدارانى داعش هەستان بە کۆمەڵکوژکردنى کوردى ئیزدى لە شارەکە و دواتر هەزاران کچ و ژن و منداڵى کوردی ئیزدییان بەرەو ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان رفاند تا ئێستاش هەزاران کچ و ژن لە تاریکییەکانى ژێر دەسەڵاتى ئەو رێکخراوە لە نێوان ژیان و مەرگدان.