ئیزمیر
جێگری یاریدەدەری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەھەپە ھالوک کۆچ رایگەیاند، کۆبوونەوە و دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتی زۆر بەنھێنی بەڕێوە دەچن و جەختی کرد، پێویستە ھەموو گفتوگۆکانی پرۆسەکە لەژێر چەتری پەرلەمان و بەئاشکرا ئەنجام بدرێن .
کۆچ لە میانەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری ئیزمیر بەتوندی ڕەخنەی لە قۆناغی ئاشتی و پاکێجی دیموکراسی گرت و رایگەیاند، ھاوڵاتیانی کورد لە تورکیا کێشەی ماف و دیموکراتییان ھەیە و ئەو ڕێگایەی بۆ چارەسەری پرسەکە دیاری کراوە ھەڵەیە.
کۆچ لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "لە سەرێکی مێزەکانی گفتوگۆدا بەڕێز سەرۆکوەزیران یان نوێنەرەکەی دادەنیشێت و لە سەرێکی تری مێزەکەوە "سەرکردەی تیرۆریستەکان" لەو نێوانەدا چەندین کەس دێن و دەچن دانوستان ئەنجام دەدەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە کاری نایاسایی و دەبێت ھەموو کەس ئاگاداری ڕەوشی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان بێت و بزانێت چۆن قۆناغەکە بەڕێوە دەچێ، دەبێ ئەو گفتۆگۆیانە لەژێر چەتری پەرلەماندا ئەنجام بدرێن .
ھەروەھا رایگەیاند، ناکرێ لەژێر مێزی گفتوگۆکاندا چەکەکەت حەشار بدەیت و ھەرکاتێک مەرجێکیان جێبەجێ نەکردیت لولەی چەکەکانت وەک ھەڕەشە بەکار بھێنیت.