توركيا

تونێلەکانی ژێر قەڵای مێژوویی عەنتاب بەڕووی گەشتوگوزاردا دەکرێنەوە

کردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی قەڵاکە بە رووی گەشتیاراندا هاوکار دەبێت لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری شارەکە.

Fırat Özdemir  | 16.04.2021 - نوێکردنەوە : 18.04.2021
تونێلەکانی ژێر قەڵای مێژوویی عەنتاب بەڕووی گەشتوگوزاردا دەکرێنەوە

Gaziantep

عەنتاب - AA

شاری عەنتاب کە بە شوێنەوارە مێژوویی و شوێنە گەشتیارییەکانی بە درێژایی ساڵ پێشوازی لە هەزاران گەشتیار دەکات، بە کردنەوەی تونێلەکانی ژێر قەڵای مێژوویی شارەکە کەش و هەوایەکی جیاواز بۆ گەشتیاران فەراهەم دەکات.

بە هاریکاریی نووسینگەکانی چاودێری و پاراستنی شوێنەوار لە گەورە شارەوانی شارەکە و بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی عەنتاب، ساڵی رابردوو دەست بە کار کرا بۆ پاکردنەوە و کردنەوەی تونێلەکانی ژێر قەڵای مێژوویی عەنتاب بەڕووی گەشتیاراندا.

دوای کارە مەیدانییەکان و توێژینەوەکان، تیمێک لە شوێنەوار ناسان و پسپۆڕان، خاک، بەرد و قوڕی ناو تونێلەکانیان بردە دەرەوە.

لە چوارچێوەی کارەکاندا سیستمی رووناکی بۆ تونێلەکە دانرا، رێوشوێنی ئەمنی گیرایەبەر و پاڵپشتی بۆ دیوارەکان دانراوە.

کردنەوەی شوێنەوارەکانی قەڵاکە بە رووی گەشتیاراندا هاوکار دەبێت لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری شارەکە.

شوێنەوارناس عەلی کۆرکماز، کە بەرپرسە لە کارەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە قەڵا مێژووییەکە یەکێکە لە دێرینترین شوێنەوارەکانی شارەکە.

کۆرکماز باسی لەوە کرد قەڵاکە کە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی زۆرێک لە ئیمپراتۆر و ئیماراتەکان، لە رێگەی نۆژەنکردنەوە گۆڕانکاری تێدا دروست بووە و، رایگەیاند: ''پێمانوایە تونێلەکانی قەڵاکە لە سەردەمی مەمالیکەکاندا بۆ هەڵاتن و پێویستی لە بەرامبەر مەترسی هێرش و گەمارۆدان دروست کراون''.

هەروەها کۆرکماز باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی راکێشانی گەشتیاران نزیکەی هەشت مانگە کار لە تونێلەکاندا دەکەن و، گوتی: ''بەشێکی زۆری تونێلەکان داخرابوون. تونێلەکان لە جەنگی رزگارییدا بەهۆی بەکارنەهێنانی قەڵاکە و هۆکاری ئەمنییەوە پڕکرابوونەوە و داخرابوون. نزیکەی ٢٥٠ مەتری تونێلەکانمان پاککردەوە و کردومانەتەوە. لەرووی قوڵییەوە ١٥ مەتر دابەزیوینەتە خوارەوە. ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە تونێلەکان لە ئاڕاستەی خۆرهەڵاتەوە بەردەوامن. بیرلەوە دەکەینەوە کە هەتا دەتوانین بڕۆین و تونێلەکان پاکبکەینەوە. ئەگەر هیچ مەترسیەک نەبێت ئەوەنەی توانیمان دەیانکەینەوە و، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی بە رووی گەشتیاراندا دەیانکەینەوە. پرۆژەمان هەیە لەبارەی ئەم تونێلانە. پلانمان وایە ئەمساڵ بە رووی گەشتیاراندا بیکەینەوە''.

کۆرکماز باسی لەوەیش کرد تونێلەکان هێندە فراوانن کە سێ بۆ چوار کەس بە ئاسانی دەتوانن تیایدا بڕۆن و، تونێلەکان رێگەیەکی زۆریان لێ دەبێتە و شوێنی تایبەتیان هەیە بۆ رووناککردنەوەیان.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın