ئەنقەرە
تانەر یلدز وەزیری وزە و سامانی سروشتیی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی شەر و شۆڕ و ناسەقامگیری لە جیھاندا، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.
یلدز گوتی، جیھان لە رۆژێکدا ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردێنێ. ھەرچەندە بارودۆخی میسر و سوریا کاریگەریشیان لەسەر بەرھەمھینانی نەوتی جیھان نەبێ، بەڵام دەبنەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تائێستا نرخی ١٠% بەرز بۆتەوە.
یلدز باسی رەوشی وزە و نەوتی تورکیا کرد و گوتی "ئێمە وڵاتێکین %٩٠ی نەوتی خۆی لە دەرەوەی وڵات ھاوردە دەکا، ھەروەھا %٧٢ی ئەو وزەیەی لە تورکیا بەکار دەبرێ لە دەرەوە ھاوردە دەکرێ، لەبەرئەوە گرانبوونی نرخی نەوتی خاو کاریگەریی زۆری لە سەر ئابوریی تورکیا ھەیە".
وەزیری وزە و سامانی سروشتیی تورکیا لەبارەی کاریگەریی نرخی دۆلار و یۆرۆیش گوتی "لەبەرئەوەی نرخی نەوت بە دۆلارە، زیادبوونی نرخی دۆلار کاریگەری زۆری لە سەر ئابووریمان ھەیە".
ھیواشی خواست قەیرانی میسر و سوریا بەزوویی چارەسەر ببن و نرخی دۆلار و یۆرۆ لەگەل نرخی نەوت دابەزن.