Orhan Onur Gemici
25 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆن بۆ سەر بکەرانی ئەو کردە توندوتیژییە چەکدارییانە درێژەی هەیە کە بە ''رووداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم'' ناسراوە و بە هۆی لێدوان و فەرمانی سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە و درێژکراوە سیاسییەکانی رێکخراوەکە لە شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لە لایەن ئەندامان و پشتیوانانی رێکخراوەکەوە لە یەک کاتدا لە ١٣١ ناوچەی نیشتەجێبوون ئەنجامدرا و، بەهۆیەوە ٣٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٧٦١ کەسیش برینداربوون.
بە پێی ئەو زانیارییەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، تورکیا ٤٠ ساڵی رابردووی بە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە نامرۆڤانیەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە|پەیەدە|یەپەگە بەسەر بردووە.
رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کە لە ژێرناوی پژاک لە ئێران و پەیەدە|یەپەگە لە سووریا پێکهاتەی هەیە، لە سووریا، عێراق، ئێران و تورکیا بەردەوامە لەسەر چالاکيیە چەکداریی و ئایدۆلۆجییەکانی.
رێکخراوەکە بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١١دا کە لە سووریا جەنگی ناوخۆیی دەستیپێکرد پێکهاتەکەی دروستکرد و، لە بۆشایی دەسەڵاتدا پەرەسەندنە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکانی لەبەرژەوەندی خۆی بەکارهێنان و لە خاکی سووریادا بواری بۆ خۆی کردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا کانتۆنە خۆجێییەکانی عەفرین، کۆبانی و ئەلجەزیرەی دروستکرد و، دەستیکرد بە هەڵپەی دروستکردنی دەوڵەت لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا.
بە قۆستنەوەی ئەو رەوشەی لە سووریا دروست بوو، رێکخراوەکە بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت دەستی بە کارکرد و، لە ژێر رۆشنایی فەرمانی بەڕێوەبەرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە|پەیەدە|یەپەگە دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نوێ بۆ لاوازکردنی سەربەخۆیی دەوڵەتی کۆماری تورکیا، تێکدانی یەکێتیی یان جیاکردنەوەی بەشێکی ئیدارەی دەوڵەت لە خاکەکەی کە لەژێر سەروەری دەوڵەتدابوو.
لەچوارچێوەی ئەو ستراتیجیەدا پەکەکە بەمەبەستی گۆڕینی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی سەربە ناوچەکانی خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو بۆ پێکهاتەی هاوشێوەی کانتۆنەکانی سووریا رێکخستنی نوێی لەژێر ناوەکانی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی نیشتمانی (YDG-H)، یەکەکانی بەرگریی خود (ÖSB) و یەکەکانی بەرگریی مەدەنی (YPS) و، لە ناوچە گوندەوارەکانەوە چەکداری رەوانە دەکرد بۆ پشتیوانی کردنی ئەو پێکهاتانە. هەروەها پەکەکە لە شارەکاندا تیمی ئاسایش و دادگای دروست کرد و، باجی لە هاووڵاتیان کۆدەکردەوە و هەوڵیدا لەناو سنوورەکانی وڵاتدا ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی خۆی دروست بکات.
- فەرمانی پەکەکە بۆ چەکدارانی و پشتیوانانی بۆ رژانە سەر شەقامەکان
هەروەها لە چوارچێوەی ئەو رەوش و ستراتیجیە نوێیەدا نوێنەرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەتایبەتی سەردەستەکانی عەبدوڵلا ئۆجەلان، مورات قەرەیڵان و جەمیل بایک و درێژکراوە سیاسییەکانی پەکەکە لە رۆژانی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٤ و شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لێدوانی درۆ و هاندانیان بڵاوکردەوە بۆ بەستنەوەی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر کۆبانی بە تورکیاوە.
دواتر نوێنەرانی پەکەکە و درێژکراوە سیاسییەکانیان فەرمانیان بە چەکدار|تیرۆرۆيست و پشتیوانە ئایدۆلیجییەکانیان کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ جووڵانەوەیەکی یاخیی دژ بە دەوڵەتی کۆماری تورکیا.
دوای فەرمان و لێدوانەکانی سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە|پەیەدە|یەپەگە بۆ ئەندامانی رێکخراوەکە، ئەنجوومەنی ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، لە شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لە ژێرناوی 'بانگەوازی بەپەلە بۆ گەلەکەمان' بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە و، رایانگەیاند ''داوا لە گەلەکەمان دەکەین بۆ پرۆتێستۆکردنی هەڵوێستی دەسەڵاتی ئاکەپە لە گەمارۆی سەر کۆبانی بڕژێنە سەر شەقام و پشتیوانی لەوانە بکەن کە لەسەر شەقامن''.
لە ئەنجامی ئەو لێدوان و بانگەوازانەدا، لە شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لە یەک کاتدا لە زۆر ناوچەی نیشتەجێبووندا رووداوەکان دەستیان پێکرد و، دەوڵەت رووبەڕووی کردەی توندی چەکداری بەربڵاوبوویەوە کە بە ''رووداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم'' ناسراوە.
- ٣٧ هەووڵاتی کوژران و ٧٦١ کەسی دیکەش برینداربوون
لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا کە لە ٣٥ پارێزگا و ٩٦ شارۆچکەدا روویاندا ٣٧ کەس لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە|پەیەدە|یەپەگە-وە کوژران.
هەروەها لەو رووداوانەدا ٧٦١ کەس برینداربوون کە ٣٢٦ کەسیان کارمەندی هێزی بەرگری مەدەنی و ٤٣٥یان مەدەنی بوون، ١٩٧ خوێندنگە سووتان و منداڵان بێ بەشکران لە خوێندن، ٢٦٩ بینای گشتیی کاولکران و ملیاران لیرە زیان کەوتەوە و رێگریکرا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتیی.
لەو رووداوانەدا هەزار و ٧٣١ خانوو و دووکان تاڵانکران یان رووخێنران یانیش سووتێنران. هەزار و ٢٣٠ ئۆتۆمبێل کە ٧٢٩ هی مەدەنی و ٥٠١یان هی گشتیی بوون لەناوبران.
لە بەرامبەردا دەوڵەت لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا رێکاریی پێویستی دژ بە رووداوەکانی کۆبانی گرتەبەر و شیرازەی گشتیی پاراست.
- بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ٨٢ گومانلێکراو
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو رووداوانە ژمارەیەکی زۆر لە گومانلێکراو کە دەستیان هەبووە لە رووداوە خوێناویانەدا رووبەڕووی دادگا کرانەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا لە لایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانە رێکخراوەییەکانی سەربە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد لەبارەی بەناو بەڕێوەبەرانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و هەندێ بەڕێوەبەری پارتی سیاسیی کە بانگەوازی خۆپیشاندانیان کردبوو.
لەو لێکۆڵینەوانەدا ژمارەیەک گومانلێکراو دەستبەسەرکران کە هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ شەنئۆغڵو-یان لەنێودابوو.
هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا بەیانی ئەمڕۆ بڕیاری دەستگیرکردنی نوێ دەرکرا و، لە حەوت پارێزگا دەستکرا بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان.