وەزیری گومرگی توركیا حەیاتی یازجی لەبارەی رێگریكردن لە بەقاچاغبردنی كەل و پەل و مادە هۆشبەرەكان گوتی: "بە ھۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە ساڵی ٢٠١٣ لە دژی بە قاچاخ بردنی شت و مەك ئەنجام دراون، توانراوە رێگری لە بەقاچاخ بردنی مادەی ھۆشبەر و كەل و پەلی دیكە بە بڕی یەك ملیار و ٦١ ملیۆن و ٢٩٥ ھەزار لیرەی توركی بكرێ و هەوڵەكانیشمان لەوبارەیەوە بەردەوامە و ھەمووی كارمەندانی گومرگ بە باشی ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن."
یازجی ئاماژەی بەوە كرد نوێترین ئامێر و ئامراز لە دەروازە سنورییەكان و كەناراوییەكان دانراون و چەندین خولی راهێنان بۆ كارمەندان كراونەتەوە، بۆیە ھەر ساڵ رێژەیەكی زیاتری كەل و پەلی قاچاغ دەستی بەسەردا دەگیرێ.
یازجی جەختی لەوە كردەوە ساڵی رابردوو لە گومرگی دەروازە سنوورییەكان و ناوخۆییەكانی توركیا لە ٥٤٠ ئۆپەراسیۆنی دژی بەقاچاغبردنی كەل و پەل، توانراوە دەست بە سەر مادەی ھۆشبەر و شت و مكی دیكە بە بڕی یەك ملیار و ٦١ ملیۆن و ٢٩٥ ھەزار لیرەی توركیدا بگیردرێ. بڕی ١٥١.٨ ملیۆن لیرە مادەی ھۆشبەر و ٦٥٧.٢ ملیۆن لیرە شت و مكی بازرگانی لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستی بەسەردا گیراوە، ھاوكات دەست بە سەر ٩٩٥ ئۆتۆمبێلی قاچاخچیانیشدا گیراوە كە نرخی مادییان دەكاتە ٢٥٢.٣ ملیۆن لیرەی توركی.
ساڵی رابردوو بە بڕی ١٢٩.٥ ملیۆن لیرە خواردەمەنی، ١٩٠ ملیۆن لیرە شت و مەكی كارەبایی، ١٣٦.٥ ملیۆن لیرە سوتەمەنی، ٤٣.٢ ملیۆن لیرە تەكستایل و ٣٥ ملیۆن لیرە كانزا دەستی بەسەردا گیراوە.