21 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2020
بەغدا ــ AA
توركیا، 366 هاووڵاتی خۆی كە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیەوە گیریان خواردبوو، گەڕاندەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 366 هاووڵاتی توركیا بە ژمارەیەک پاس لە چەند گەڕەكێكی شاری بەغدا گەڕێندراونەتەوە تورکیا.
هاوكات باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، فاتیح یڵدز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە سوورن لەسەر ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی توركیا كە لە عێراق بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیریان خواردووە بگەڕێنێتەوە.
فاتیح یڵدز ئاماژەی بەوە دا كە توركیا هەوڵەكانی بەپەلە خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەرلە هاتنی مانگی رەمەزان، هاووڵاتییانی خۆی لە عێراق بگەڕێنێتەوە.
تا ئێستا توركیا، دوو هەزار هاووڵاتی خۆی كە لە عێراق گیریان خواردبوو بە گەشتەكانی ئاسمانی و وشكانی، گەڕاندووەتەوە.
هەر دوێنێ توركیا، 171 هاووڵاتی خۆی لە سعوودیە، 448ی دیكە لە ئەڵمانیا و 93ی دیكە لە ئیسپانیا، 337ی دیكە لە بەریتانیا و 164ی دیكەیش لە میسر گەڕاندەوە.
پێشتر توركیا 25 هەزار هاووڵاتی خۆی لە ژمارەیەك وڵاتی جیهان گەڕاندبووەوە دوای ئەوەی بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتانە گیریان خواردبوو.