Ramal Mahmood
16 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2016
ئەنقەرە - AA
ژمارەیەک بەڵگەی وێنەیی ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانیانەی کە بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٦٧٤ لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، پشتگیری پەکەکەیان کردووە.
لەمیانی بەڕێوەچوونی لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی کەسانی پشتیگریکەر و یارمەتیدەری پەکەکە-کەجەکە و فەتۆ، بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٦٧٤، ٢٨ سەرۆک شارەوانی لە کارەکانیان دوورخرانەوە بەپێی سیستەمی قەییوم کەسانی دیکە لەجێگایان دانران.
لەڕێگەی بەڵگەی وێنەیی (فۆتۆگرافییەوە) دەرکەوتووە کە ژمارەیەک لەو شارەوانیانە پشتگیری پەکەکە-یان کردووە. هەروەها ئەوەش دەرکەوتووە کە لەو کاتەی کە پەکەکە هێرشی کردۆتە سەر فەرماندەیی ئاسایشی جەندەرمەی جەڤیزلیک بە بۆمب، ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی شارەوانیشیان بەکارهێناون بۆ هەڵکەندنی چاڵ و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی.
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر ٢:٠٠ی رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ تراکتۆرێکی شارەوانی دارگەچیتی سەربە پارێزگای ماردین بردراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر چاودێری و لە کۆڵانی کلیسەی گەڕەکی سافا کە سێ کەسی تێدا بوو دەستی بەسەردا گیراوە.
لە ئاکامی پشکنینی ئەو تراکتۆرە دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازییدا گیراوە و ئەو سێ کەسەش لەلایەن دادگاوە بریاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
لە رۆژانی ١٠و١١ و١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا لەشارۆچکەی دارگەچیت دەستکرابوو بە رێگەگرتن و چاڵ هەڵکەندن و هێرشی چەکداری. لەو کاتەدا وێنەی ئەو ئامێرەی شارەوانی گیرابوو کە چاڵیان پێ هەڵدەکەنرێت.
بۆ هێرشکردنە سەر فەرماندەیی ئاسایشی جەندەرمەی جەڤیزلیک بە بۆمب لە شارۆچکەی ئارتوکڵوی پارێزگای ماردین، ئۆتۆمبیلی سەربە شارەوانی بەکارهێنراوە. کاتژمێر ١٢:٤٠خولەکی رۆژی شەممە ٩ی تەمووز گرووپێکی ٢٠ کەسی چەکدارانی پەکەکە هێرشیانکردۆتە سەر شارەوانی مازیداغی بە ئۆتۆمبێلێک کە ژمارەی تابلۆکەی 47 AS 012 بووە.
لە ١٩ی شوباتیش چەکدارانی پەکەکە شۆفڵی شارەوانییان بۆ هەڵکەندنی چاڵ بەکارهێناوە لە شەقامی ئەتاتورک لە گەڕەکی قەڵای شارۆچکەی دێرک.
هێزە ئەمنییەکان لە ١٣ی حوزەیران ٢٠١٦ دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگیری لە فلکەی هاڵ لە ناو شاری وان داوایان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە بوەستێت کە ژمارەی تابلۆکەی 34 LS 4681بووە و چوار کەسی لە ناو دابوون، بەڵام پێکدادانی لێکەوتەوە و دوو کارمەندی پۆلیس بەسووکی بریندار بوون. لە ئاکامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی ناجی ئەجار بە برینداری و ئافرەتێک دەستبەسەر کران و دوو چەکداری پەکەکەش کوژران.
لە رۆژی ١ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لەناو شاری وان ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو کە ژمارەی تابلۆکەی 13 KB 231 بوو، لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە راگیرا. دوو کەسی ناو ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکران و کەسێکیش هەڵات. لە ئاکامی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا دەست بەسەر سێ کەلاشینکۆف و یەک دەمانچەدا داگیرا.
لە ١٤ی ئابی ٢٠١٥دا لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان لە رێگای هاتوچۆ لە شارۆچکەی چاتاکی سەربە پارێزگای وان، بارهەڵگرێکی شارەوانی چاتاک پشکێنرا بڕێکی زۆر تەقەمەنی تێدا بوو، دوو کارمەندی شارەوانی کە لەناو بارهەڵگرەکەدا بوون دەستگیر کران.
زانراوە کە بۆ بانگەشەکردن بۆ پەکەکە ناوی پارک و باخچەکانی شارۆچکەی سروج-ی سەربە پارێزگای ئورفا بە ناوی ئەندامە کوژراوەکانی پەکەکەوە ناونراون. لەوبارەیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئاشکرای کرد کە پارکێک لە گەرەکی یڵدرم لە شارۆچکەی سروج بەناوی دیلار گەنجەمیش ناونراوە کە ناوە نهێنەکەی ئارین میرکان بووە و لە چالاکییەی پەیەگە-یەپەژە خۆی تەقاندۆتەوە.
زانراوە کە پارکەکە لەلایەن شارەوانی سروجەوە کراوەتەوە و لە ماڵپەڕی شارەوانی وێنەکانی کردنەوەی پارکەکە بڵاوکراونەتەوە. لەسەر تابلۆی پارکەکەش نووسراوە شارەوانی سروج.