Ayşe Yıldız
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
ئانتالیا - AA
لە شارۆچکەی کۆرکوتەلی سەربە پارێزگای ئانتالیا، کۆی گشتی سەدا ٥٥ی قارچکی تورکیا بەرھەم دەھێنرێت کە ھەناردەی قەتەر، ئیمارت، لوبنان، عێراق، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، سووریا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەکرێت.
بەرھەمھێنانی قارچک لە تورکیا لە میانی ١٠ ساڵی رابردوودا، سەدا ٧٤ زیادی کردووە و لە ٢٦ ھەزار و ٥٢٦ تۆنەوە گەیشتووەتە، ٤٦ ھەزار ١٤٤ تۆن. لەم چوارچێوەیەشدا، سەدا ٥٥ی بەرھەمی قارچکی تورکیا لە شارۆچکەی کۆرکوتەلی سەربە پارێزگای ئانتالیا بەرھەم دەھێنرێت.
هەروەها لە میانی ١٠ ساڵی رابردوودا، رێژەی بەرھەمھێنانی قارچک لە ئانتالیا بە رێژەی ١٠٨ لەسەدا بەرزبووەتەوە.
ھاوکات قارچکی لەقوتونراو کە ھەزاران کەس بژێوی ژیانی بە هۆیەوە دابین دەکات، ھەناردەی قەتەر، ئیمارات، لوبنان، عێراق، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، سووریا و ژمارەیەک ولاتی دیکە دەکرێت.
بەرھەمھێنانی قارچک بەدەر لە کۆمپانیا گەورەکان، بەشێک لە خانەوادەکانیش لە ژێرزەمینی خانووەکانیان بەرھەمی دەھێنن.
لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی ئانتالیا لە ژێر ناوی "پڕۆژەی وەرن با ببینە برا"، چەندین دامەزراوەی بەرھەمھێنانی قارچک لە شارۆچکەی جوکورجا سەربە پارێزگای ھەکاری دامەزراوە کە ئامانج لێی وەڵامدانەوەی داواکارییەکان و ھەناردەکردنە بۆ عێراق، ئێران و سووریا.
هەروەها لە چوارچێوەی "پڕۆژەی یەکێتیی ئەورووپا"ی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پشتیوانی کۆمپانیایەکی شارۆچکەی کۆرکوتەلی، شوینێکی ٢٥ ژووری بۆ بەرھەمھێنانی قارچک لە شاری ھاتای دامەزراوە بە ئامانجی ھەناردەکردنی قارچک بۆ عێراق و سووریا.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگای ئانتالیا، مستەفا ئۆزان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە پارێزگایەکەیان پێگەیەکی گرنگی ھەیە لە بەرھەمھێنانی میوە و سەوزە و شارۆچکەی کۆرکوتەلی-یش بووەتە ناوەندی بەرھەمھێنانی قارچک و گوتی:
"کۆی گشتی سەدا ٥٥ی قارچکی تورکیا لە شارۆچکەی کۆرکوتەلی بەرھەم دەھێنرێت. لە ژێرزەمینی زۆربەی خانووەکاندا شوێنی بەرھەمھێنانی قارچک بوونی ھەیە. لێرەدا ژمارەیەکی زۆری کرێکار دامەزراوە. قەبارەی بەرھەمھێنانی کارەکەش گەورەیە، ساڵانە ٢٥ ھەزار تۆن بەرھەممان ھەیە".