ئەستەنبوڵ
جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەکر بۆزداغ لە پڵاتفۆڕمی برایەتی عەلەوی – سوننە کە لە ھۆڵی ناوەندی کۆنگرە لە ئیستەنبوڵ سازکرا، گوتی: "جیاوازی باوەڕ، کلتوور، زمان و رەنگ لە تورکیا، ئاماژەیە بە دەوڵەمەندی و ھێزی تورکیا."
بۆزداغ جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازی ئەتنیک و ئایین بۆتە تایبەتمەندی سەرەکی بەھێزبوونی تورکیا و گوتی: "عەلەوی و سوننی لە ئێمەنە. مزگەوت و ماڵی جەمیش ھی ئێمەیە. قورئان بۆ ئێمە، حەزرەتی موحەمەدیش ھی ئێمەیە، حزەرەتی عەلی و حەزرەتی حوسێنیش ھی ئێمەنە. ھەموویان ھێزی ئێمەن. مەینەتی کەربەلا مەینەتی ھەموو موسڵمانانە. کاتێک باسی کەربەلا دەکرێ، ھەموو کەس لەگەڵ شەھیدەکانی کەربەلا دەوەستێ، نزایان بۆ دەکەن، بە شوکرانە یادی ئەوان دەکەنەوە. کەس پشتگیری لە یەزید نەکردووە، ھەموو ئەوانە پیشانی مرۆڤایەتی دا کە ئەھلوبەیت چەند بەھێزبووە."
جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات بەردەوام یەکێک ویستوویەتی یەکێتی مرۆڤ لەسەر ئەو خاکە تێکبدات و گوتی: "ئەمڕۆش دەبێت و سبەش دەبێ. با کەس لەوە بە گومان نەبێ. بەڵام ئەوەی یەکێتی ئێمە لەسەر پێ دەھێڵێت، رێزگرتن و خۆشەویستی ھەر تاکێکە لەبەرامبەرەکەی. پەرتووک، پێغەمبەر و ئەھلولبەیتمان یەکە، گۆڕستانیشمان یەکە. لەسەر گۆڕی ھیچ کەسێکمان (ئەوە ئەوەبوو) نانووسرێ. لەسەر یەک خاک بەخاک دەسپێردرێین و مردنیشمان یەکە. جیاکردنەوەمان لەیەکتر، سوودی بۆ یەکێتیمان نابێ."
لە درێژەی قسەکانیدا بۆزداغ گوتی: "کارێک ھەیە چاوەڕوانتان دەکات تا جێبەجێی بکەن. وەکو حکوومەت دەستمان بەکارێک کردووە کە لەسایەیەوە ھەنگاوێکی نوێ دەنێین. لە پاکێجی دیموکراتیبوونی دواییدا دەنگۆی ئەوەی ھەبوو کە ئەو مەسەلەیە لەناو پاکێجە جێدەگرێت، بەڵام راست دەرنەچوو. ئەوەیان کارێکی جیاوازترە. لەبەر ئەوەش لەکاتێکی تر رادەگەیەنرێت. وەکو ئەوە لێکیان دایەوە کە ئەوە لەناو پاکێجەکە ھەبووە، بەڵام دەریان ھێناوە. نەخێر شتێکی لەم جۆرە نەبووە. بەڵام لە چوارچێوەی ھەمان شت ئێمە ئەو ھەنگاوانە دەنێین و گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام لەبەردەم راگەیاندن نا. ئامانجمان گەیشتنە بە ئەنجامێکی دیاریکراو. دەخوازین برا عەلەویەکان ئارەزووەکانیان لە بەرزترین ئاستدا جێبەجێ بکرێن، چونکە کێشەکە دیارە و شێوازی چارەسەری جیاوازە. لەسەر ھەندێک پێشنیار رێککەوتنی گەورە ھەیە، لەسەر ھەندێکیشیان جیاوازی ھەیە. ئێمە دەخوازین لەبارەی پێشنیار و فۆڕمۆلەکانمان زۆربەی زۆری برا عەلەویەکانمان پشتگیربن."