ئەنقەرە
بە پێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی توركیا دوێنێ وەزیری دارایی توركیا محەمەد شمشەك بەڵگەی ھاوكاریكردنی مادی پارتە سیاسییەكانی توركیای ئیمزا كردووە.
بە پێی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا ئەو سێ پارتە سیاسییانەی توركیا ( ئاك پارتی، جەھەپە، مەھەپە) كە بوونە خاوەن مافی وەرگرتنی ھاوكاری مادی حكومەت، بە ھۆی ھەڵبژاردنەكانەوە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٤ دا بڕە پارەیەكی زۆریان بۆ تەرخان كراوە.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی توركیا، ھاوكاری مادی پارتە سیاسییەكان ئەمساڵ دوو ئەوەندەی ساڵی رابردوو دەبێ.
بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە بڕیارە ئاك پارتی ١٧٧ ملیۆن و ١٣٠ ھەزار و ٣٢٨ لیرە، جەھەپە ٩٢ ملیۆن و ٣٤٣ ھەزار و ٢٥٩ لیرە و مەھەپە ٤٦ ملیۆن و ٢٣٣ ھەزار و ٩٣٤ لیرە وەرگرن.
ھەر چەند ئەمساڵ بەدەپە و ھەدەپە و پارتەكانی دیكە ناتوانن ھاوكاری مادی حكومەت وەرگرن، بەڵام پەرلەمان سەرقاڵی ئامادە كردنی پرۆژە یاسایەكە بۆ ئەوەی لەمەو بەدواوە پارتە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان بتوانن ھاوكاری مادی حكومەت وەرگرن.