كوالا لامپور
سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێ توركیا و مالیزیا لە مەسەلەی سەقامگیری جیھان و ناوچەكە وەكو یەك بیردەكەنەوە، بۆ ئەمەش لەم چوارچێوەیە لەسەر ئاستی ھەردوو وڵات و ھەروەھا لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی ھاوكاری ئیسلامی و لەچوارچێوەی رێكخراوی نێونەتەوەیی وەكو D٨ دەربارەی پرسە رۆژانەیەكان ھەنگاوی ھاوبەش دەنێین.
ئەردۆغان لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی فەرمیەكانی لە كوالالامپوری پایتەختی مالیزیا لەگەڵ ھاوتا مالیزیەكەی نەجیب تون رزاق كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازكرد.
ئەردۆغان ئاشكرایكرد گفتوگۆی شاندی ھەردوو وڵات بە ئەنجامی باش كۆتایی پێھاتووە و بە بیری ھێنایەوە كە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان مالیزیا و توركیا لە ساڵی ٢٠١٤ تەمەنی دەبێتە ٥٠ ساڵ، بۆیە ئەو سەردانە لەم ساتەوەختە واتای تریش دەبەخشێ. ئەردۆغان ئاشكراشیكرد لەو كاتەی ئەو سەرۆك شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ بووە تا ئەمڕۆ ئەمە چوارەم جارە سەردانی مالیزیا دەكا، ھەروەھا دەڵێ بە سەردانی رەزاق لە ساڵی ٢٠١١ بۆ توركیا، ھەموو سەردانەكان كە لە ئاستێكی باڵا ئەنجامدران بەرھەمی باشیان لێكەوتەوە.
سەرۆك وەزیرانی توركیا لە بەردەوامی قسەكانیدا هەروەها گوتی: "مالیزیا ئامانجەكانی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دیاری كردووە، ئێمەش تا ساڵی ٢٠٢٣ ئامانجی خۆمان ھەیە. بێگومان سەربارەت بە گەیشتن بەو ئامانجانە دەتوانین بگەینە رێككەوتنێك. بۆیە لەم چوارچێوەیە دەتوانین پەیوەندیەكانمان بگەینینە ئاستێكی بەرزتر. دوو وڵاتین خاوەنی بەھای ئایینی و كلتووری ھاوبەشین. وەكو ھاوڕێ خۆشەویستەكەم باسی كرد ئێمە دوو وڵاتین توانینمان بیسەلمێنین ئیسلام و دیموكراسی دەتوانن بەیەكەوە ھەڵبكەن. بێگومان ئەمە زۆر گرنگە. ئەگەر پەیوەندیەكانمان لە ھەموو ئاستەكان گوزارشت لەمە بكەن زۆر سوودمەند دەبێ. ئەمساڵ ساڵی مالیزیا و توركیایە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد قەبارەی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات لە ساڵێكدا یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، وەكو سەرۆك وەزیری مالیزیاش جەختی لێكردووە ئامانجمانە ئەو بڕە لە پێنج ساڵی داھاتوو بگاتە پێنج ملیار دۆلار.