Ramal Abdullah Mahmood
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2017
دەنیزلی –AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵێک پڕۆژە لە گۆڕەپانی شەهیدانی ١٥ی تەمووز لە دەلیکلیچنار گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان بە بیری هێنایەوە کە لە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگی رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات و هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز دەنیزلی ١٦ شەهیدی داوە، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ کردن.
لەم کاتەدا بە دەمگووتنەوەی "شەهیدان نامرن و وڵات دابەش ناکرێت" هاووڵاتییان چەپڵەیان بۆ گوتەکانی ئەردۆغان لێ دەدا. ئەردۆغان لەبارەی شەهیدانەوە گوتی: "بەڵێ خوای گەورە وا دەفەرمووێت 'ئەو کەسانەی لە رێگای خوادا دەمرن ناتوانین پێیان بڵێین مردوون، ئەوان زیندوون بەڵام ئێوە نایزانن'".
لەبارەی سیستەمی حوکمڕانیشەوە ئەردۆغان گوتی: "تورکیا لە ١٦ی نیسان بژاردەیەکی مێژوویی لە بەردەمە. ئەو کارەی دەیکەین زۆر روونە. ئایا سیستەمی حوکمڕانی وڵاتەکەمان وەک جاران بەردەوام دەبێت یاخود سیستەمێکی نوێ هەڵدەبژێرن. بابەتەکە ئەمەیە کۆن، یان نوێ؟ ئایا دامەزراندن و هێنانەخوارەوەی حکوومەتێک لە ماوەی شەش مانگ و ١٢ مانگدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئارامی؟ بەپێی سیستەمی نوێ هەڵبژاردن لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئەو کاتە پارتەکەم من بپاڵێوێت و گەل بە من رازی بێت پێکەوە هەنگاو دەنێین، ئەگەر کەسێکی دیکەی هەڵبژارد ئەو کەسە دێت و وڵات بەڕێوە دەبات. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە چوارچێوەی دیموکراتی و نەتەوەیی و ئازادیی، تورکیا بەرەوپێش ببەین. ئێمە باس لە سەرۆکێکی خۆیی و نەتەوەیی دەکەین. ئەوەی باسی لێوە دەکەین سیستەمێکی سەرۆکایەتی جۆریی تورکییە. تاکو ئەمڕۆ بە دیموکراسی ھاتووین و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبین. بەمەبەستی پڕۆژەی گەورەتر لە بوارەکانی ئابووری و دیموکراسی و وەبەرھێنان، سیستەمی ئیداری تورکیا نوێ دەکەینەوە. لە نوێکردنەوە و گۆڕانکاری ناترسین. گەلی تورک بە درێژای مێژوو ھەرچی شتی باش ھەبووە وەریگرتووە و رێبەری گۆڕانکارییەکانی کردووە. ھیوادارم ئەمڕۆش بژاردەی خۆیان بەلای گۆڕانکاری ئەنجام بدەن".