Abdullah Shukur
01 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2018
ئادییەمان - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاردنەوەی توندی بەرامبەر موحەرەم ئینجە نیشاندا بەھۆی سەردانیکردنی بۆلای دەمیرتاش لە بەندیخانە. لەمبارەیەوە گوتی: "بەرێز ئینجە (کاندیدی جەھەپە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا) لە سەردانی کردنت بۆ ئەدیرنە، ئایا ئەو کەسەی کە تۆ سەردانیت کرد ئەو کەسە نەبوو لە دوای ھەڵبژاردنەکاتی ٧ی حوزەیران بووە ھۆی کوژرانی ٥٣ برای کوردمان؟ تۆ خزمەت بە چی ھزرێک دەکەی. داوات کردووە ئەو کەسە دەبێ ئازاد بکرێ لەبەر ئەوەی کاندیدە، تۆ چی دەڵێی؟ کێ ئازاد دەکەی؟"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبەردەم میوانخانەی حکوومەت وتارێکی بۆ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئادییەمان پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی: "ھەموو ھاتوون دەیانەوێ لە ھەڵبژاردنەکاندا پێشمان بگرن. دارێژەرانی ئەم سیاسەتە لە ساڵی ١٩٨٩، ھەر لە یەکەم دەرکەتنیانەوە ناسیماننەوە. ئێمە ئەوەی ئەم سیاسەتە دادەنێ و ئەوەی بەرێوەی دەبات، ھەموویان دەناسینەوە".
ئەردۆغان باسی لە کاندیدی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد و گوتی : "لە ٦ -٧ ی تشرینی دووھەمدا ھەر ئەوانە نەبوون مرۆڤەکانمانیان بە گژ یەکدا دەدا؟ ئێستا لە بەندیخانە دەیەوێ دەربچێ. ئەوەی خۆی دەستی ھەبوو لە رشتنی خوێنی ٥٣ ھاووڵاتی ئێمە".
ئەردۆغان باسی لە لێدوانەکانی جەھەپە لەبارەی بەربەستەکانی ھەڵبژاردن کرد و گوتی: "ژمارەیەک گوتەبێژ بە سەرۆکی گشتی جەھەپەوە، دەڵێن 'پێویستە ئەو پارتە لە بەربەستی ھەڵبژاردن تێپەربێت'، بەمەش ھەڵبژاردنیان وەک بازاڕی ھەراج لێکردووە. ئەو پارتەی کە دەڵێن دەبێ لە بەربەستی ھەڵبژاردن تێپەربێت، تاکو ئێستا لە فەرمانی دەست خوێنناویترین رێکخراو دەرنەچووە، بەمەش تاکو ئێستا نەبووەتە پارتێکی سیاسی".
- سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە ھەدەپە، پارە و ئۆتۆمبێڵی شارەوانیان بۆ شاخ دەنارد.
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە ھەڵدەبژێردران، لەو شوێنەی دەبوایە خزمەتی تێدا بکەن، ئامێرەکانی شارەوانیان بۆ رێکخراوی تیرۆریستی لە شاخ دەنارد. بنکەکانیان ببووە شوێنی رێکخستن و ئامادەکردنی گەنجان بەمەبەستی ناردنیان بۆ شاخ و بەکوشت دانیان. تاکە پارتێک دەیەوێ ئەم پارتانە ھەبن و لە پەرلەماندا بن، تەنیا جەھەپەیە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "ئەو پارتەی کە دەنگدەران لە گۆڕەپانەکانی ھەڵبژاردن پێشکەش بە لایەنەکانی دیکە دەکات ئەوا خۆی لە خۆیدا ھیچ خواستێکی بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە، رووی راستی ئەمانە لە ٢٤ی حوزەیران بەدەردەکەوێ".
ئەردۆغان رایگەیاند کە حکوومەتی وڵاتەکەی خزمەتێکی زۆری ناوچە کورد نشینەکانی کردووە و گوتیشی: "ئێمە گەورەترین خزمەتمان بەو شوێنانە گەیاندووە کە برا کوردەکانمان بە چڕی لێی نیشتەجێن. ئێمە گشت قەدەغەکراوەکانی بواری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیمان ھەڵگرت. ئێمە گشت رێگرییەکانمان ھەڵگرت. ئێمە گشت سیاسەتەکانی رەتکردنەوەمان ھەڵگرت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا زیاتر گوتیشی: "کاتێ سەیری کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دەکەین، بەشێکی زۆریان تەنھا بۆ نووسینی ناوی خۆیان لەسەر کارتی دەنگدان بوونەتە کاندید. ئەوەی کە دەمێنێتەوە تەنھا کاندیدی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وڵاتە. ماوەیەکە لە کەناڵەکان سەیری دەکەن. لە راستیدا پیاوێکی کۆمیدییە. ھەندێک جار بە درۆکردن و قسەی ھەڵبەستراو کات بەسەر دەبات. بەڵام پرسیاری راستی ئەوەیە، ئەم وڵاتە سپاردەی پیاوێکی بەم شێوەیە دەکرێ؟".