ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) راگەیاند: ئێمە شەڕ دەکەین بۆ بەھێز بوونی بێ مافەکان ئەمە بنەمای سیاسەت و تێکۆشانی تورکیایە وەکو دەوڵەتێکی گەورە.
ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لەڕێورەسمی کردنەوەی پرۆژەیەکی تەندروستی لەشاری ئەنقەرە گوتی " ئامانجمان ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا ببێتە یەکێ لە ١٠ وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان، دەمانەوێ کەرتی ئابووریی، پەروەردە، تەندروستی، دادوەریی، ماف و ئازادییەکان بەرەو پێشەوە بچێ بۆیە چەندین ریفۆرمی پێویستمان ئەنجامداوە".
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی" ئێستە لە سەر پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کار دەکەین و دوێنێ کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی ھات ھاوکارانمان سەرقاڵی پێداچوونەوەن بۆخۆم کۆتایی ئەم مانگە ناوەڕۆکی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەم، ئەم پاکێجە دەتوانێ وەڵامدەرەوەی زۆربەی ھەرە زۆری داواکاریی خەڵک بێ".
سەرۆکوەزیران باسی لە پێشکەوتنی تورکیا کرد گوتی " پێشکەوتنی وڵات فاکتەرە ناوخۆییەکان چەند گرنگن ئەوەندەیش فاکتەرە دەرەکییەکان گرنگە، بۆیە ناکرێ لە دراوسێ و وڵاتانی جیھانی خۆمان بەدوور بگرین و بمانەوێ تورکیا بەرەو پێشەوە ببەین. تورکیا چۆن ھەوڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و تەبایی ناوخۆیی دەدا ھەر بەو جۆرەیش ھەوڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و تەبایی لە ناوچەکە دەدا".
ئەردۆغان گوتی" چاومان لە خاکی ھیچ وڵاتێ نییە ھیچ جۆرە ئامانجێکی ئێمە بۆ دەستوەردانی کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە نییە بەڵام قەیرانی سوریا ئاستی ناوخۆیی تێپەڕاندووە و بووەتە قەیرانێکی ھەرێمی و کاریگەریی راستەوخۆی لە سەر تورکیا ھەیە بۆیە تورکیا ھەڵوێستێکی روون و ئاشکرای نواندووە و سوورە لە سەر ئەم ھەڵوێستەی خۆی".
لەبارەی دەنگۆی سازدانی خۆپیشاندان لە تورکیا ئەردۆغان گوتی" بەچاو کراوەیی چاودێریی ھەر جۆرە ھەوڵدانێکی نایاسایی دەکەین و بە پشوو درێژیی رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر".