Mazın Asad
29 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئاگربەستەکەی سووریا رایگەیاند: "ھیواخوازم ئاگربەستەکە بۆ برا سوورییەکانمان و ھەروەھا بۆ گشتی مرۆڤایەتی ببێتە بەخێر".
ئەردۆغان و سەرکۆماری کۆسۆڤا تاچی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ئاگربەستی سووریا رایگەیاند: "ستایشی ھەموو ئەو لایەنانە و لە سەرووی ھەموویانەوە دۆستی بەڕێزم پۆتین دەکەم بەھۆی ھەوڵەکانیان بۆ قۆناغی ئاگربەست. ئێمە وەک تورکیا درێژە بە گشت ھەوڵەکانمان بۆ دەستبەبەرکردنی ئاشتی، ئاسوودەیی و سەقامگیری سووریا و ناوچەکە دەدەین. ھیواخوازم ئاگربەستەکە بۆ برا سوورییەکانمان و ھەروەھا بۆ گشتی مرۆڤایەتی ببێتە بەخێر".
ئەردۆغان گوتی: "لایەنەکان پێویستە بۆردومان و ھێرشەکانیان رابگرن. پابەندی ئەو بەڵێنە بن و ھەوڵی پەرەپێدانی ناوچەکانیان نەدەن. ئەو لایەنانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک گرووپی تیرۆریستی ناسراون، لە دەرەوەی ئەم ئاگربەستەدان. تا ئەو کاتەی کە ئاسایشی ھاووڵاتییانی تورکیا سەقامگیر دەبێ، تورکیا لە دژبەریی کردنی ئەم گرووپانە و لەسەرەوەی ھەموویان داعش بەردەوام دەبێ و لەم بارەیەوە پابەندی بەڵێنەکانمانین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "بکوژەکانی وەک فەتۆ، پەکەکە، یەپەگە، دھکپج و داعش لە روانگەی ئێمەوە ھیچ جیاوازییەکیان نییە. لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات بە پێداگری درێژە بەرەنگاربوونەوەمان دژی ئەمانە دەدەین. بێگومان لێپێچینەوە دەربارەی حسیابی کوشتن و خوێنڕێژی خەڵکی بێتاوانیان لە نێو یاسادا بۆ دەکەین. بۆ ھەر کوێیەکی جیھان ھەڵبێن، ھەرگیز واز لە سەرکردەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەکدارەکانیان ناھێنین. چونکە ناپاک لە ھەموو شوێنێک ناپاکە و تیرۆریست لە ھەموو شوێنێک تیرۆریستە".